نوێترین ئاماری شەهید و بریندارەكانی رۆژهەڵات بڵاوكرایەوە

کوردستان 20/11/2019

چاودێر
لەنوێترین راپۆرتی رێكخراوێكی مافی مرۆڤ لەرۆژهەڵاتی كوردستان، تاوەكو ئێستا زیاتر لە٤٥ هاووڵاتی كورد، لەخۆپیشاندانەكانی دژی‌ بڕیاری‌ حكومەتی‌ ئێران بۆ گران كردنی‌ بەنزین،‌ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی‌ ئێرانەوە شەهید كراون و زیاتر لە٥٠٠ كەسيش بریندار كراون.
رێكخراوی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ هەنگاو،  بڵاویكردەوە، لەسەرەتای خۆپیشانانەكانی ئێران و بەتایبەتیش شارەكانی ر‌وژهەڵات تاوەكو ئێستا،  زیاتر لە٤٥ هاووڵاتی كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران لەكوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوكات زیاتر لە٥٠٠ كەس لەخۆپیشاندەران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران بریندار كراون و زۆربەی بریندارەكانیش، بە هۆی ترس لەدەستبەسەر كران، سەردانی ناوەندە تەندروستییەكانیان نەكردووە".
هەر لەو راپۆرتەدا، باسلەوەشكراوە: لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر كراون، لەشارەكانی كرماشان، مەریوان و جوانڕۆ چوار كەس لە هێزە چەكدارەكانی ئێران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كوژراون".
لەرۆژی‌ هەینی رابردوەوە، خۆپیشاندانی‌ ناڕەزایی هاووڵاتیان دژی‌ حكومەت دەستی‌ پێكرد، بەهۆی گران كردنی نرخی بەنزین.