کورتهێنانی بودجەی تورکیا، 100 ملیار لیرە تێدەپەڕێنێت

ڕاپۆرت 17/11/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
سەرباری هەوڵەكانی حكومەتی پارتی دادو گەشە پێدان كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بڕی كورتهێنانی بوودجە لەرێگەی بەكارهێنانی بودجەی یەدگی بانکی ناوەندی، بەگوێرەی داتا رەسمیەكانی توركیا بڕی كورتهێنانی لە دە مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا لە توركیا زیاتر بوە لە 100.7 ملیار لیرەی توركیا.
راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی توركیا ئاشكرایان كردوە لەمانگی تشرینی یەكەم بڕی كورتهێنان لە بودجەی وڵات گەیشتوەتە 14.9 ملیار لیرە ،ئەوە لەكاتێكدا بڕی كورتهێنانی لە هەمان مانگدا لە ساڵی رابردوو 2018 تەنها 5.4 ملیار لیرە بوە. 
بەگوێرەی داتاكان لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا بڕی داهات بەرێژەی 5.2% زیادیكردوەو بڕی داهات گەیشتوەتە 65.4 ملیار لیرە لەبەرامبەردا بڕی خەرج بەرزبوەتەوە لەهەمان مانگدا و گەیشتوەتە 18.9% كە بریتی بوە لە بڕی 80.3 ملیار لیرە.
كۆی كورتهێنانی بودجە لە ماوەی دە مانگی رابردووی ئەم ساڵدا 2019 گەیشتوەتە 100.7 ملیار لیرە، ئەوە سەرباری هەوڵەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بۆ كۆنترۆڵكردنی بڕی كورتهێنان و گواستنەوەی بەشێك لە دارایی یەدەگی بانك بۆ سەر بودجەی گشتی ، لەكاتێكدا لە دە مانگی یەكەمی ساڵی 2018 بڕی كورتهێنان بریتی بوە لە 62.1 ملیار لیرە.
پسپۆرانی ئابوری پێش بینی دەكەن تا كۆتایی ئەم ساڵ بڕی كورتهێنانی بودجە 125 ملیار لیرە تێپەرێنێت كە پێچەوانەی پێشبینیەكانی حكومەتەكەی دادو گەشە پێدانە كە پێیان وایە كورتهێنانی بودجە 80.6% ملیار لیرە تێناپەرێنێت.
لەماوەی مانگی یەك "كانونی دووەم "و مانگی دە" تشرینی یەكەم "لەم ساڵدا ، بڕی داهات بەرێژەی 18.1% زیادی كردوەو  كە گەیشتوەتە 719.2 ملیار لیرە، بەڵام رێژەی خەرج بە بڕی 22.2% زیادی كردوە وبڕی خەرجی وڵات لە ماوەی ئەو دە مانگدا گەیشتوەتە 819.9 ملیار لیرە هەروەك داهاتی باج بەبڕی 6.3% زیادی كردوەو گەیشتوەتە 539.9 ملیار لیرە ، خەرجی سوودەكانیش گەیشتوەتە 88.3%  لەدە مانگی رابردووی ئەم ساڵدا.
خەرجی سەربازی
لەمانگی تشرینی یەكەمی رابردووی ئەم ساڵدا خەرجی بواری سەربازی و ئەمنی و بەرگری بەشێوەیەكی چاوەروان نەكراو بەرزبوەوە وبڕی خەرجی دەزگا ئەمنی و سەربازیەكانی توركیا گەیشتوەتە 1.5 ملیار لیرە بەوەش كۆی خەرجی دەزگا ئەمنی و سەربازیەكان لەماوەی دە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە 7.1 ملیار دۆلار 
خەرجی نهێنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا گە یشتوەتە 263.6 ملیون لیرە لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەم ساڵ بەوەش كۆی گشتی خەرجی نهێنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە ماوەی دە مانگی رابردوودا بریتی بوە لە 1.8 ملیار لیرە.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان