كارگەیەكی ئاو داخرا

ئابوری 14/11/2019

چاودێر
بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە و دەرنەچوونی لەتاقیگەدا، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، كارگەیەكی ئاوی خواردنەوەیان لەگوندی میرەدێی سەر بە ناحیەی وارماوا داخست.
قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/11/2019،  لەراگەیاندراوێكدا، بڵاویكردەوە، لیژنەی بەدواداچوونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراوی سەر بە لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، دوای پشكنین و دڵنیابوونەوە لەنەشیاوی ئاوەكە بۆ خواردنەوە و بەهەماهەنگسی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی وارماوا، دوای ئاگاداركردنەوە لەكەموكوڕییەكانی و پابەند نەبوون بە جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنماییەكان، كارگەی ئاوی(مەگنالایف) لەگوندی میرەدێ داخست.
هاوكات ئاماژە بەوەش دراوە، بەپێی راپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراو كە چاودێریی كۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان و عەمباركردن و گواستنەوەی ئاو لەبتڵ و پەرداخ و دەبەدا دەكات، هۆكارەكانی داخستنی كارگەكە دەرنەچوونی بەرهەمەكەیەتی لەپشكنینی تاقیگەییدا لەگەڵ بوونی ئاژەڵ لەكارگەكەدا كە ڕێگەپێدراو نییە و لەڕووی تەندروستییەوە نەشیاوە، بۆیە بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی كارگەی مەگنالایف دادەخرێت تا پابەندی سەرجەم مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن دەبێت.