ناوەندی باڵندە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی شیعر بڵاو دەکاتەوە

ڕەخنەی چاودێر 11/11/2019


ناوەندی باڵندە، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، چەند کتێبێکی شیعریی تازە بڵاو دەکاتەوە.

باڵندە ناوەندێکی ئەدەبیی تایبەت بە شیعرە، کە کارەکانی خۆی لە ماڵپەڕی ئەدەبیی باڵندەدا چڕ کردووەتەوە و یەکێکیش لە پڕۆژەکانی چاپی کتێبی شیعرە.

"ژیانێکی تر" نووسینی دانا ڕەووف و وەرگێڕانی لە سویدییەوە کەریم تاقانە، "مشتێک پەپوولە" نووسینی عەبدولعەزیم فنجان و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە تەیب جەبار، هەروەها "کتوپڕ خەون دەبینم لە ماڵەوەم" نووسینی لی بای و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە هەڵۆ فەریق، ئەو سێ کتێبەن کە ناوەندی باڵندە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بڵاوی دەکاتەوە.

ناوەندی باڵندە لە ساڵی ٢٠١٧ـوە لە سلێمانی دامەزراوە و ساڵانەش پەیامی باڵندە بۆ شیعر بڵاو دەکەنەوە، کە هەر ساڵەی شاعیرێکی جیهان دەینووسێت،

ناوەندەکە پێشتر کتێبی شیعرەکانی وەدیع سەعادەی بە ناوی "باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت" بە وەرگێڕانی بڕیار محەمەد تاهیر بڵاو کردووەتەوە.

پێشانگەی نێودەڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب لە ڕۆژانی ١٤ بۆ ٢٣ـی ١١ـی ٢٠١٩ لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵتیی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.