مەلا بەختیار: ئەگەر حكومەت و حزبەكانی كوردستان نەبنە بەشێك لە گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكە، شكستدێنن

ڕاپۆرت 09/11/2019



چاودێر- سلێمانی:

ئەمڕۆ لەهۆڵی عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە هۆتێل گراند ملینیۆم، ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر كۆڕێكی بۆ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رێكخست.

كۆڕەكە بە ناونیشانی (كاریگەری جیهانگیری و سۆسیال- میدیا لەسەر راپەڕینەكان) بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای كۆڕەكەدا مەلا بەختیار باسی لە سەرهەڵدان و قۆناغەكانی جیهانگیری كردو بۆچونە سەرەكیەكانی لەبارەی پێناسەی جیهانگیری خستەڕوو. هاوكات باسی لەكاریگەریەكانی جیهانگیری و سۆسیال- میدیا كرد لەسەر كۆی تاك و كۆمەڵ و بوارەكانی بازاڕ و ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی.

هەر لەو روانگەیەوە باسی خۆپیشاندانەكانی عێراقی كرد كە جیهانیگری و سۆسیال- میدیا چ كاریگەریەكی لەسەر راپەڕین و خۆپیشاندانەكان هەیە. لەوبارەیەوە وتی : خۆپیشاندەرانی عێراق نە تەلەڤزیۆنیان هەبوو نە سایت و نە رۆژنامە بەڵام، هەموویان گیرفانیان هەیەو مۆبایلیان هەیەو دەتوانن لەڕێگەی سۆسیال- میدیاوە چالاكیەكانی خۆیان ئەنجام بدەن. لە وڵاتانی دیكەی وەكو لوبنان و جەزائیر و سودانیش هەر لەو رێگەیەوە گۆڕانكاری هاتونەتەدی، كە ئەوەی بە خۆپیشاندەران كراوە، بە هیچ حزب و سەركردەو كاریزمایەك نەكراوە، لەهەندێ وڵات دەوڵە ت و حكومەتەكانیان گۆڕی.

لەبارەی كاریگەریەكانی جیهانگیری و گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكە لەسەر كۆمەڵی كوردی، مەلا بەختیار، وتی: ئێمە مەحكومین بە جیهانگیری و سۆسیال میدیا، ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بكەین، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە حزبەكانمان و حكومەتەكانمان دەبێت بەرنامە دابنێن بۆ گۆڕانكاریەكان و لەگەڵ سەردەمەكەدا بگونجێن، ئەگەر نا لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان یان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە  حزب و حكومەتەكان دەگۆڕدرێن و لادەبرێن. بۆیە دەبێت ئامادەكاری بۆ ئەم گۆڕانكاریانە بكەین، چونكە شۆڕشی پەیوەندیەكان زۆر خێرایە، تەنانەت لە 10 ساڵی داهاتودا خێرایی پەیوەندیەكان 100 بەرابەر زیاتر دەبێت و كاریگەریەكانیشی زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت حكومەت و وەزارەتی پەروەردرەو  زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە بەرنامە و پرۆگرامێكی نوێوە تاكەكانمان بۆ ئەو گۆڕانكاریانە رابهێنن و ئامادەیان بكەن. سەردەمەكە وایە كە دەبێت حزب و حكومەتەكان بچنە ناو ئەو گۆڕانكاریانەوە، ناتوانن فەرامۆشی بكەن. گومانتان نەبێت لەوەی هەر حزب و دەسەڵاتێك بەرپەرچی ئەم گۆڕانكاریانە بداتەوە، ئەوا تێكوپێك دەشكێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆڕەكەدا، مەلا بەختیار، رایگەیاند: ئێمە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتین، سەركردەكانمان لە مێژودا هەڵەی گەورەیان كردوە، لە جەنگی جیهانی یەكەم و دوەمدا هەلمان لەدەستچوە، لەجەنگی سارددا هەلی زۆرمان لەدەستچوە، لە سیستمی نوێی جیهاندا باشترین و توانیمان بچینە ناو گۆڕانكاریەكان، بە تایبەتی لەدوای داگیركردنی كوەیت، دوای ململانێیەكی زۆر بەرەی كوردستانی چوە ناو خانەی بڕیاردانی جیهانی و عەقڵانیەتی سیاسی دەوری بینی و كورد لە میلیەتێكی فەرامۆشكراوەوە بوە میلەتێك كە حیسابی بۆ بكرێت. وتیشی: پێموایە ئێستا هەلومەرجی جیهانی بەجۆرێكە كە جارێكی دیكە مێژووی كورد بە تراتیژیای وەكو ئەنفال و كیمیاباران دوبارەنابێتەوە. رایگشتی جیهانی پڕە لە سۆز بەرامبەرمان، بەڵام ئێمەش ناتوانین بە عەقڵیەتی كلاسیكی، لەناو ئەم هەموو گۆڕانكاریەدا خۆمان بگونجێین، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریەنەدا خۆیان نەگوجێنن، ئەوا هەلی زۆرمان لەدەست دەچێت. حزبە كوردستایەكان دەبێت خۆیان بۆ گۆڕانكاریەكان ئامادە بكەن، دەبێت ببەن بە بەشێك لە گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكە، ئەگەر نەبن بە بەشێك لەو گۆڕانكاریانە شكست دێنن و هەلی زۆرمان لەدەست دەچێت.