لەبارەی کۆڕەکەی، مەلا بەختیار رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کوردستان 08/11/2019

لەبارەی کۆڕەکەی سبەینێ، مەلا بەختیار رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە:

 

دەقی رونکردنەوەکە:

 

ڕونكردنەوەیەك دەربارەی كۆڕی سبەینێم
سبەینێ كاتژمێر(3) لە هۆڵی ( د.عزالدین مستەفا رەسوڵ)، لە هوتێل گراند میلینیۆم ( شاری جوان) كۆڕێك بەناونیشانی ( كاریگەری جیهانگیری‌و سۆسیال- میدیا لەسەر ڕاپەڕینەكان) دەبەستم. بەم رونكردنەوەیە، دەمەوێ بۆ ئەو ئازیزانەی ڕون بكەمەوە كە ئامادە دەبن، كەوا:
لەم كۆڕەدا، هەوڵ دەدەم سێ چارەكە سەعات لەسەر بابەتەكە بدوێم. زیاتر لە سەعاتێكیش ، بواری دیالۆگ دەدرێ.
جگە لە شیكردنەوەی چەمكی جیهانگیری‌و سۆسیال – میدیا، هەروەها، باسكردنی خەسڵەتەكانی ڕاپەڕینە بەردەوامەكانی ئێستا، باسی هۆكارە، ئابوری، سیاسی، كۆمەلایەتی‌و سایكۆلۆژیەكانی راپەرینەكانیش لەژێر كاریگەریەكانی جیهانگیری‌و سۆسیال – میدیادا، رون دەكەمەوە.
ئاوڕێك لەو راستیەش دەدەمەوە كە سەردەمەكە، كاریگەری لەسەرجەم كاریگەریە ئایینی‌و مەزهەبی‌و ئایدۆلۆژی‌و نەریتە دواكەوتوەكان، زیاترە.
لەكۆتاییشدا، باسێكی ئەركە دیموكراسی‌و مەدەنیەكانی هەلومەرجەكە سەبارەت بە لایەنە سیاسیەكان‌و ئەگەری سەرهەڵدانی لایەنی سیاسی نوێش دەكەم.
بیری ئامادەبوانیشی دەخەمەوە، كە ئایا، ئەم ڕاپەڕینانە لەدوای جەنگی ساردەوە، پێشبینی كراوە؟ هەروا، ئایا چەمكی ( ڕاپەڕینی بەردەوام)یەكەمین جار لە كوردستان چ سیاسەتمەدارێك باسی كردوە؟
بەهیوام، كۆڕەكە، بەدیالۆگی وشیارانە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری بێ وەڵام بداتەوەو راستیەكانیش، لەتەمومژی پڕوپاگەندە، دوربخاتەوە. بەڵكو پێكەوە بتوانین، ڕوانگەیەكی نوێ بۆ سیاسەتی كوردایەتی بخەینە ڕوو.
لەگەڵ رێزی دڵسۆزتان
مەلا بەختیار
هەینی 8/11/2019