گەر بمایتایەوە

ڕەخنەی چاودێر 08/11/2019

گەر بمایتایەوە

شیعری : همایون افشار

وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

 

 

گەر بمایتایەوە....

تا عەرشی خوام ئەناردی

گەر بمایتایەوە ....

تا ناو دڵی چیرۆکەکانم ئەبردی

گەر بمایتایەوە....

شەوانی غوربەت تەنیا نە ئەبووم

گەر بمایتایەوە....

لە تۆوە ئەمنووسی ، بە ئاوازم ئەکردی

گەر بمایتایەوە نازەنین

ژیان ڕەنگ و بۆنێکی تری ئەبوو

ئەم شەوە سارد و غەمگینەی غوربەت

لە بوونی تۆیا ، ڕەنگی " کازێوە" ی ئەبوو

لە گەڵ تۆیا باڵندەی باڵ شکاو

گەر بمایتایەوە ، باڵ و پەڕی فڕینی ئەبوو

گەر بمایتایەوە، لەگەڵ تۆیا كە هاوسەفەری هەبوو ، ترسی لە زریان نەئەبوو

ئاگرت بەردایە هەست و ئیحساسم سووتام ، منت نەبینی..منت نەبینی

گەر بمایتایەوە

گوێت لە ئارەزووی مەرگی دڵ ئەبوو

لەگەڵ تۆیا ، دەریا پڕلە ژوان

شەو ، ئەستێرە گوڵی ئەچنی

خاکی جەستە لە شەستە بارانا لەکەناری تۆیا ، ئامادەی ماچ بوو

دوای تۆ ڕقی دەریا و کەنار بوو كە " پێ"م لە گڵا چەقی بوو

گەر بمایتایەوە گەر بمایتایەوە

شەپۆلی دەریا تا ئەبەد ، پڕ لە ژوان ئەبوو

لەگەڵ تۆ و عەشقی تۆ زیندوو بووم

دوای تۆ ، من خۆشم " نەبوو" بووم

گەر بمایتایەوە جوانترین شیعرم ئەکرد بە ئاواز

گەر بمایتایەوە ...گۆرانیم ئەووت گەر بمایتایەوە....

تا عەرشی خوام ئەناردی گەر بمایتایەوە ....

تا ناو دڵی چیرۆکەکانم ئەبردی گەر بمایتایەوە....

شەوانی غوربەت تەنیا نە ئەبووم گەر بمایتایەوە....

لە تۆوە ئەمنووسی ، بە ئاوازم ئەکردی...