مەلا بەختیار: هەڵەبجە ببێتە پایتەختی ئاشتی

کوردستان 07/11/2019


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە پێویستە ئەو پاشخانەی نەتەوەكەمان لەمێژووی بەرگریی‌و قوربانیداندا هەمانە، بیكەینە زەمینەی هەڵمەتی ئاشتی‌و دەشڵێت: میللەتێك كە هەمیشە لەبەرگریدا بێت، ئەركێتی ئاشتیخوازیش بێت‌و لەو روانگەیەشەوە پێشنیازی كرد: پێویستە هەڵەبجە ببێتە پایتەختی ئاشتی..
بەپێویستیشیزانی بزافی ئاشتی سلێمانی ‌و هەموو ئاشتیخوازانی نەتەوەكەمان پێكەوە تێبكۆشین بۆ ئەوەی هەڵەبجە بكرێتە پایتەختی ئاشتی ‌و ئەمەش زیاتر دەرخەری ئەو راستییە دەبێت، كە كورد، نەتەوەیەكە هیچ رقێكی نییە‌و تەنها خۆشەویستیمان بۆ گەلان هەیە.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە تائێستاش میللەتەكەمان لەسەنگەرەكانی بەرگریدایە لەخۆی و یەكێكیش لەشانازییەكانی نەتەوەكەمان، كە لەئاییندەشدا دەبێتە شانازی بۆ هەموو ئاشتیخوازانی كورد، ئەوەیە كە كورد لەمێژووی خۆیدا تەجاوزی بۆ خاكی هیچ نەتەوەیەكی تر نەكردووەو تەئكیدیشی كردەوە: نەتەوەكەمان قەرزارباری هیچ نەتەوەیەكی تر نییە، بەڵكو هەمیشە نەتەوەو دەسەڵاتەكانی تر، تەنانەت دەوڵەتە گەورەكانی دنیا قەرزاری میللەتەكەمانن.
تەئكیدیشی كردەوە كە بوونی ئەم جۆرە رێكخراوانە بەگرنگ و پێویست دەزانێت، بە تایبەت كە میللەتەكەمان هەمیشە لەبەدبەختی و بەگریدابووە بەتایبەت بۆ پاراستنی ئەزموونی ئێستامان و وتیشی: خۆشبەختانە ئێستا بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە كە دنیا تێدەگات كە هەقە كورد پشتیوانی بكرێت. ئەمەش دۆخێكی تازەیە لەم هاوكێشەیەی هاتۆتە پێشەوە. كە ئەموش دووەمجارە ئەم بارودۆخە دێتە پێشەوە، جاری یەكەم راپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستانیش دووەمجارە.
بەگرنگیشەوە لەبوونی بزافی ئاشتی سلێمانی روانی، كە بۆ ئاشتی تێدەكۆشن‌و ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: دڵخۆشبن، كە مەیدانەكە لەساڵانی ئاییندەدا، مەیدانی ئێوە دەبێت‌و ئاشتی كۆمەڵایەتیش دەبێت بەپێویستییەكی گرنگی مێژوویی‌و لەسایەی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و بەچارەسەركردنی كێشەكان، كە دەبێ‌ هۆكارەكانی نەبونی ئاشتی كۆمەڵایەتی بدۆزینەوە، چ یاسا و چ یاساش دەبێ‌ بگۆڕین ئەگەر نەهێڵن ئاشتی كۆمەڵایەتی بەدیبێت.
ئەم وتانەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێری، لەچوارچێوەی كۆبوونەوەیەكیدا هات لەگەڵ بزافی ئاشتی سلێمانی، كە ئێوارەی (٦/١١/٢٠١٩) بەڕێوەچوو.