وردەکاریی کۆڕەکەی مەلا بەختیار

کوردستان 07/11/2019

رۆژی شەممە 9/11/2019 سەعات سێی دوانیوەڕۆ، لە هۆڵی عیزەدین مستەفا رەسوڵ، لە هۆتێل گراند ملینیۆم شاری جوان، ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، کۆڕێک بۆ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رێکدەخات.

کۆڕەکە بە ناونیشانی (کاریگەریی جیهانگیری و سۆسیال-میدیا لەسەر راپەڕینەکان) بەڕێوەدەچێت و تێیدا مەلا بەختیار، باس لە کاریگەری و رۆڵی جیهانگیری و سۆسیال- میدیا لەسەر راپەڕین و خۆپیشاندانەکانی جیهان و بە تایبەتی عێراق و  ناوچەکە دەکات. هاوکات لەنێو ئەو روداوانەدا کە پرسیارگەلی زۆر هەن و پێویستیان بە وەڵامە، مەلا بەختیار لە کۆڕەکەدا هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوەو هاوکات هۆکاری راپەڕین و خۆپیشاندانەکانیش بە وردی شیدەکاتەوە. جگە لەوەش کۆڕەکە دەرفەتی دیالۆگ و گفتوگۆی تێدایەو ئامادەبوان دەتوانن دیالۆگێکی هەنوکەیی لەگەڵ مەلا بەختیاردا بێننە کایەوە.

هەر تایبەت بەو کۆڕە، مەلا بەختیار لە ماوەی چەند مانگی رابردودا، لە میانی کۆڕ و کۆبونەوەو وتارەکانیدا، تیشکی خستۆتە سەر ناونیشانی کۆڕەکە کە ئەویش کاریگەریەکانی سۆسیال-میدیایە لەسەر خۆپیشاندانەکان، هەروەک بە بەردەوامی جەختی لەوە کردۆتەوە کە دیاردەی گەندەڵی دەبێتە خۆرەی سەری ئەم حکومەتانەو ئەگەر هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵی نەدرێت ئەوە لە عێراق و کوردستانیش روداوی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو رودەدەن. هەر بۆیە ناوەندی رۆشنگەری چاودێر کۆی ئەو وتارانەی مەلا بەختیار کە لەو چوارچێوەیەدان، کردۆتە نامیلکەیەک و هاوکات لە کاتی کۆڕەکەدا بەسەر ئامادەبواندا دابەشدەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە تەواوکەری ناونیشانی کۆڕەکە.

 

وێنەی بەرگی نامیلکەکە

وێنەی داوەتنامەی کۆڕەکە