خۆپیشاندانەكانی عیراق بەردەوامە.. لە سێ رۆژدا 77 خۆپیشاندەر کوژراون

ڕاپۆرت 28/10/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
ماوەی 4 رۆژە خۆپیشاندانەكانی عیراق بەردەوامە و خۆپیشاندەران داوای نەهێشتنی گەندەڵی و دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت ودەسەڵاتدارە سیاسیە دیارەكانی وڵات دەكەن
شەوی رابردوو نسەیف خیتابی پارێزگاری كەربەلا قەدەغەكردنی هاتوچۆی لە پارێزگاكە راگەیاند كە لەكاتژمێر 6ی سەرلەبەیانی ئەمڕوەوە بەردەوامە تا رۆژی سێشەممە .
عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: هێزەكانی دژە تێرۆر گەمارۆی زانكۆی دیجلەو فەراهیدی یان داوە و بۆمبی فرمێسك رێژیان بەكارهێناوە بەمەبەستی بڵاوپێكردنی خۆپیشاندەران.
رۆژی دووشەممە خۆێندكاران لەچەند پارێزگایەكی عیراق وەكو پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەكانی بەغداو بابل و بەسرەو ناسریە خۆپیشاندانیان دەست پێكرد.
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراقی بڵاویكردەوە لەماوەی 3 رۆژی رابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە 77 كەس گیانی لەدەستداوەو زیاتر لە 3 هەزار كەسیش برینداربوە. 
شەوی رابردوو لە پارێزگای كەربەلا خۆپیشاندەران ویستیان گەمارۆی بینای پارێزگا بدەن بەڵام لەلایەن هێزەكانی نەهێشتنی توندوتیژیەوە بڵاوە بەخۆپیشاندەران كرا.
رۆژی یەكشەممەش وەكو بەرپەرچدانەوەی هێزە ئەمنیەكان بەهەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر مانەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە هێرشیان كرایە سەر بەمەبەستی بڵاوەپێكردنیان.
گەنجە خۆپیشاندەرەكان چەندین بەربەستیان درووستكرد لەسەر ئەو پردەی كە بەرەو ناوچەی سەوز دەڕوات تا ببێتە بەربەست لەبەردەم هێزە ئەمنیەكان كە بەردەوام بە بۆمبی فرمێسك رێژ هێرش دەكەنە سەر خۆپیشاندەران.
فشارەكانی سەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەپەرەسەندندایە بەتایبەت پاش ئەوەی چوار پەرلەمانتار وەكو پشتیوانی بۆ داواكاریەكانی خۆپیشاندەران كە داوای رووخانی حكومەت دەكەن بریاری دەست لەكاركێشانەوەیان دا لە پەرلەمان.
لای خۆشیەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆێنەران كرد كۆبونەوەیەكی نائاسایی ببەستن بەمەبەستی تاوتوێ كردنی داواكاری خۆپیشاندەران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش داوای لەسەرجەم لایەنەكان كرد گێژاوی توندوتیژی رەتبكەنەوەو ئەوان بە پەرۆشەوە چاودێری رەوشەكە دەكەن.
مۆرجان ئۆرتیگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە : ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زۆر نیگەرانە لەبەرامبەر داخستنی زۆرە ملێیەی دەزگاكانی راگەیاندن و فشار خستنە سەر ئەو راپۆرتانەی كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئامادە دەكرێن ، چونكە ئازادی رۆژنامەوانی بەشێكی دانەبڕاوی چاكسازیی دیموكراسیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە پشتیوانی بنەرەتی لە ئازادی رادەربڕین دەكەین كە دەستوری عیراق رێگەی پێداوە بۆ سەرجەم دامەزراوەكانی راگەیاندن و مافی رۆژنامەنوسان بۆ راییكردنی پیشەكانیان بە ئارامی.
لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتوە ئەوان بەردەوام دەبەن لە پشتیوانیكردنی حكومەت و گەل و ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عیراق.