لەتوركیا دیاردەی كوشتنی ژن زیادی كردووە

ژن 27/10/2019



لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا دوو ژن لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە لە توركیا كوژراون، یەكێكیان لە شاری كۆنیا و ئەوی تریش لە تەكیرداغ. جگە لەوەی دەیان رووداوی توندوتیژی بەرامبەر ژن لە شارە جیاجیاكانی توركیا تۆمار كراون. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی ١٧ ساڵی حوكمڕانی ئەكەپەدا لە توركیا ١٥ هەزار ژن كوژراون.
كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی، ئاماژەی داوە كە وەكو جەهەپە پڕۆژەیەكی گرنگیان ئامادە كردووە بۆ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن، چونكە لە توركیا كوشتنی ژن و توندوتیژی بەرامبەریان بەردەوام لە برەودایە.
جەهەپە دەیەوێ لە رێگەی شارەوانییەكانەوە ئەو پڕۆژەیەی خۆی جێبەجێ بكات، كلیچدارئۆغلوش دانی پێدا دەنێت كە پڕۆژەكانی پێشووتریان تەنیا لەسەر كاخەزدا ماونەتەوە و جێبەجێ نەكراوە، بەڵام ئەمجارە بە جیدی كاری لەسەر دەكەن.
لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تەواوی توركیا ٤٤٠ ژن كوژراون و لە ٢٠١٧ش ٤٠٩ ژن كوژراون و لە ٢٠١٦ش ٣٢٨ ژن كوژراون.