مەلا بەختیار: کوردە هاوار بە هانای ڕۆژئاواوە بچین!

کوردستان 12/10/2019

 

 

کوردە هاوار
بە هانای ڕۆژئاواوە بچین!
مەلا بەختیار

ڕۆژئاوای کوردستان، بە چاوپۆشینی ئەمریکای ڕابەری ناتۆ، کەوتووەتە بەر هێرشی دەوڵەتێکی ناتۆ. ئامانجیشی، لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکەندنی ئەزموونی دیموکراسیی بەشێکی کوردستانە... بەڵام بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە و لەم تەمەنە کورتەدا، ئەم ئەزموونە باشترە لە نەبوونی دیموکراسی لە سووریا و، لەو دۆخە پڕ لە سەرکوتکردنەی ئازادی لە تورکیا و، لەو ئاڵۆزییەی وڵاتانی عەرەبی و، لە سەپاندنی عەقڵییەتی تایفەگەری و دیکتاتۆریەتی نەتەوەپەرەستیی ناوچەکەش.
ئەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەراپا جیاوازە لەو دۆخەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕاپەڕینەکانی بەشەکانی کوردستان دووچاری بوون.
لە سەردەمی (سیڤەر-لۆزان)دا ڕاپەڕینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە، بۆ سەرەتای سییەکان، یەک لە دوای یەک لەناو بران. بەبێ ئەوەی زۆربەی ڕاپەڕینی بەشەکان بتوانن بە هانای بەشێکی دیکەوە بچن; لەو مێژووەدا، تەنها سمکۆی شکاک، خۆی و بەشێکی لەشکرەکەی هاتنە سلێمانی و ئامادە بوون بچنە ڕیزی سوپای کوردستانەوە، بەڵام شێخ، لەبەر سیاسەتی بەریتانیا و ئێرانی شا، بە ڕێزەوە بە ڕێی کردنەوە.
دوای پانزە (١٥) ساڵ، لە کۆتایی جەنگی دووەمدا، کۆماری مەهاباد دادەمەزرێ و لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بە تایبەت لە باشوورەوە، بارزانییەکان و چەندین ئەفسەری ئازادیخواز، لقی (ژ.ک) بە بەرپرسیارێتیی برایم ئەحمەد و هەزاران کەس، پشتیوانیی کۆماریان کردووە و، بە تایبەتی هێزی بارزانییەکان بوونە بەشێکی کاریگەری سوپای کۆمار، بەڵام کاتێک ڕووخێنرا، بەداخەوە، کورد لە هیچ بەشێکدا هیچی پێ نەکرا. تەنها بارزانییەکان بە شەڕ خۆیان بۆ شۆرەوی دەرباز کرد; وەکوو تر، پێشەوا و هاوڕێکانی لە بری ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن، سۆزی گەل بەسەریاندا زاڵ بوو، دڵیان نەهات مەهاباد بەجێ بهێڵن، بەڵام لەژێر فشاری ئەمریکا و بەریتانیا لە سێدارە دران.
شۆڕشی ئەیلوول، دوای چواردە ساڵ، خیانەتی ٦ـی ئازاری ١٩٧٥ی جەزائیری دژ کرا، سەرەڕای ئەوەی جێگەی ئومێدی هەر چوار بەشەکەی کوردستان بوو، بەڵام کە ڕووخا، لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هیچیان بۆ نەکرا و نەدەکرا!
لە شۆڕشی نوێ و لە گەرمەی جەنگی ساردیشدا، ڕاگواستنی دێهات، دەرکردنی گوند، کیمیاباران و ئەنفال لە باشووردا سەپێنرا، هیچ بەشێکی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆژهەڵات و باکووردا شۆڕش هەبووە، هیچیان بۆ شۆڕش و لێقەوماوان پێ نەکرا. بەڵکوو حزبی سیاسیی وا هەبوو، لە بەشێکی تری کوردستان، کۆمەکی بێشووماری لە هەندەران بە ناوی هەڵەبجەوە کۆ کردەوە، هیچ ماڵە هەڵەبجەییەکیش سوودی لێ وەرنەگرت.
دوای ڕاپەڕین، لە کۆڕەوەکەدا و پاشەکشەی عەسکەری، لەبەر بارودۆخی نالەباری ئەو کاتە، یەک پێشمەرگەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئاشکرا هیچیان بۆ ڕاپەڕین نەکرد، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، بێدرێخ بە هانای لێقەوماوانەوە چوون. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی (١٩٨٢) هێزی یەکێتی بە پیر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە چوون و ساڵی (١٩٨٤)ـیش هێزی پارتی بە پیر هێزەکانی باکوورەوە چوون.
ئێستا، سەردەمی جیهانگرییە و لە باشووری کوردستاندا، حکوومەت هەیە. لە باکووردا، شۆڕش بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان، ٣٧ ساڵە، لە پێنج بارەگای باشوورن. ڕۆژئاوای کوردستان کە بە درێژایی مێژوو، خەباتی چەکداریی نەکردووە، لە دەیەی ڕابردوودا، دژی داعش ڕاپەڕیی، بە هەق شەڕڤانان، سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاری و قوربانیدانن. لە (کۆبانی) سەریان بەرز کردین و لە (عەفرین) دوای قوربانییەکی زۆر سەر نەکەوتن.
ئێستا کە داعش، تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕۆژئاوادا تێک شکێنراوە و زیندانییەکان پڕن لە دیلی داعش، تورکیا، چاوی شۆڤێنییەتی بەرایی نادات، ئەم سەرکەوتنە عەسکەرییە پەرە بسەنێ بۆ سەرکەوتنی سیاسی. بۆیە، پێش ئەوەی لە کۆنگرەی ژنێفدا، مافی کورد لە دەستووردا دەستەبەر بکرێت، یان کورد و حکوومەتی سووریا گفتوگۆی ڕێککەوتن بکەن، تورکیا، نەک ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو ناوچەکەشی شڵەژاندووە.
چەند ڕۆژێکە شەڕ گەرمە، پرسیار ئەوەیە: لەم سەردەمەدا و لە سایەی ئازادییەکاندا، بەشەکانی کوردستان، ئەرکیانە چی بکەن؟ لە وەڵامدا دەڵێین:
هەقە، هەموو لایەنە سیاسییەکان، لە هەر بەشێکدا کۆبوونەوەی بەرپرسانە بکەن و بە چاوپۆشین لەوەی ڕێبازی پەیەدەیان قبووڵە یان نا، هەڵوێستی هاوبەشیان بۆ پشتیوانیی سەنگەرەکانی بەرەنگاریی ڕۆژئاوا هەبێت.
هەق وایە، بۆ کۆمەککردن، تەواوی توانای حزبی و، میللی و، ئابووری و ڕاگەیاندنی بۆ بخرێتە کار، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕۆژئاوا و بۆ شەڕڤانانیش... بەهاناوەچوونی کۆبانیی گەمارۆدراو، شانازییەکی گەورەی نەتەوەیی بوو. ئێستا نەک کۆبانی، بەڵکوو هەموو ڕۆژئاوا کەوتووەتە بەر هێرشێکی فراوانی مەترسیداری چارەنووسساز. دەزانین بەبێ ئەمریکا، کاتی خۆی پێشمەرگە نەدەگەیشتە کۆبانی. ئێستا ئەمریکا، لەبەر تورکیا، هەمان کاری پێ ناکرێ. بەڵام...
ناکرێ، ئەم ئەزموونە جێئومێدەی ڕۆژئاوا، لەم سەردەمەی جیهانگیریدا، بە دەردی ڕاپەڕینی سمکۆ، شێخ مەحموود، بارزانییەکان، کۆماری مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوول ببرێ و پاساو بهێنرێتەوە بۆ هەڵوێست وەرنەگرتن یان کۆمەک نەکردن. بۆ ڕابردوو، پاساو زۆرە، کە کورد بۆ لە کاتی تەنگانەدا، هیچی بۆ هاونەتەوەکەی لە کاتی شکستدا پێ نەکراوە. بەڵام لەم سەردەمەدا، پاساوهێنانەوە بۆ خۆدزینەوە، لە پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزارییە. بۆیە، کوردە هاوار... هاوارە!