پەرلەمانی عێراق هێرشەكانی دەوڵەتی تورك ئیدانە دەكات

عێراق 12/10/2019


 
پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق بە هەموو لیست و پێكهاتە جیاوازەكانەوە، هێرشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بە توندیی مەحكوم دەكەن و داوا دەكەن لە عێراق-یش جموجوڵەكانی بووەستێنێت.
شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك پەرلەمانتاری لیست و پێكهاتە جیاوازەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدوانێكی هاوبەشیان دا سەبارە بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
یوسف محەمەد، ئەندامی ئەنجومەن لە فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر ناوی پەرلەمانتاران قسەیكرد و وتی:"ئێمە وەك كۆمەڵێك پەرلەمانتار بە كورد و عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عێراق، بە توندیی ئەو هێرشە مەحكوم دەكەین، كە سوپای توركیا كردییە سەر ڕۆژئاوای كوردستان".
داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كرد، بە ئەركی خۆی هەستێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشەی، كە بەردەوامە بۆسەر گەلی كورد و عەرەب لە ڕۆژئاوای كوردستان. داوای لە دەوڵەتی تورك-یش كرد، پرسەكانی خۆی بە ئاشتییانە چارەسەر بكات، هەروەها حكومەتی عێراق، بە بەرپرسیارێتیی خۆی لەم ڕووەوە هەستێت.
یوسف محەمەد، بە پێویستی زانی، گەلانی ناوچەكە بەگشتیی، دژ بەو هێرشانە بووەستنەوە، كە دەكرێنە سەر گەلانی سوریا. هەروەها، وتیشی:"ئەم هێرشانەی توركیا دەبنە هۆی دروستبوونی كارەساتێكی مرۆیی، ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر، بە قوربانییبوونی خەڵكی مەدەنیی، ڕێگا خۆش دەكات، داعش ببوژێتەوە، كە بە بازووی شەڕڤان، پێشمەرگە- سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەهاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرەو كۆتایی دەڕوات".
لە كۆتاییشدا، ئەو پەرلەمانتارە، وتی: جارێكی دیكە هێرشی توركیا ئیدانەی دەكەین و  داوا دەكەین، بە زووترین كات بووەستێندرێت، داوا لە دەوڵەتی تورك دەكەین ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق-یش بگرێت و لەناو خاكی عێراقیش جموجوڵەكانی خۆی بووەستێنێت.