سێكیولاریزم و زەرورییەتی لەعیراق

کوردستان 04/08/2016

ئەگەر لەدەروازەی تەعریفی سێكیولاریزمەوە بچینە ناو باسەكەوە بەپشتبەستن بەسەرچاوە زانستییەكان دەتوانرێت بوترێت كەسێكیولاریزم (دنیاگەرایی) لەدو بنەماو دیتانەی زۆر سەرەكی پێكدێت كەیەكەمیان جیاكردنەوەی دەوڵەتە لەدامودەزگا دینییەكان، بنەمای دوەمیش یەكسانییەتی هەڵگرانی بیروباوەڕو ئاینە جیاوازەكانە لەبەرامبەر یاسادا، ئەوەش جیاكردنەوەی ئاینە لەدەوڵەت.

بەردەوام تێرمی سێكیولاریزم لەمیدیاكانی عیراقەوە دەبیسترێت و زۆرجار دێتەبەرگوێی وەرگران، ئایا واقیعی ئایینەكان و بەتایبەتیش مەسیحیەت و ئیسلام زەرورییەتی بەڕیفۆرم هەیە یاخود سێكیولاریزم بەدیلێكی باشترە، ئایا مۆدێرنەو سێكیولاریزم تاچەند لەیەكەوە نزیكن، ئەم پرسیارە چارەنوسسازو گرانانە، هەمیشە لەشێوەی تیۆریدا دوبارە دەبنەوەو كاركردنی پراكتیكیش بۆیان بوەتە دیفاكتۆ چونكە ئەستەمە كۆمەڵگەو پارتە سیاسییەكان خۆیان لەوەها پرسێك بدەن چونكە دەیانەوێت چۆن هاتوە هەروا بڕوات.

لەدەیەی ڕابردوداو بەتایبەتیش لەدوای 2003ەوە ململانێ مەزهەبییەكان توندتربونەوە لەنێوان هەڵگرانی مەزهەبە جیاوازەكان تا كار گەیشتە ئەوەی لەدەرەوەی مەزهەبەكانی ئیسلام چەندین جار پەلاماری هەڵگرانی ئاینیی دیكە دران  بەتایبەتیش مەسیحییەكان، لەدوای 10ی حوزەیرانەوە هاوكێشەی ململانێكان گۆڕانێكی ڕیشەییان بەسەرداهاتوە، پێشوتر كێشەی مەزهەبەكان هەبو، ئێستا قۆناغەكە گەیشتۆتە ئاستی سڕینەوەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی مرۆڤگەلێكی بێ تاوان كەتاوانیان تەنیا جیاوازی بیروباوەڕی ئاینە، گروپی تیرۆریستی بەناو داعش بەئاشكراو لەدواین گرتەی ڤیدیۆییاندا تیرۆریستێكیان بەناوی شێخەوە باسی "فتح"ی دینەكەی دەكات لەشەنگال! كەوایە ئەوان دەیانەوێت دوبارە فتح-ی ئیسلام بكەنەوە لەجیهاندا، ئەوەش بەمەترسییەكی گەورە دادەنرێت بۆ خۆرئاواو ئەمریكاو تەنانەت وڵاتانی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خودی جیهانی ئیسلامیش، چونكە ئەوەتا تەنانەت كوردیش بەئیسلام نازانن و تەكفیریان دەكەن و بڕیاری جیهادیان داوە، بۆیە زۆر بەزویی كۆنگرێسی ئەمریكا و فەڕەنساو ئەڵمانیا بەڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ هاتنە ناو شەڕەكەوە.

كوردانی ئێزیدی دەروازەیەكی گرنگیان بەڕوی كورددا كردەوە، بەو كارەسات و تاوانەی دەرهەقیان كرا فۆكەسی جیهان ماوەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش شەنگال-ە، هەمو ئەو كوشتارانەی بەڕاستەوخۆ و لەم دواییانەشدا بەناڕاستەوخۆ بەرامبەر بەمرۆڤی عیراق بەرامبەر بەكوردو عەرەب و توركمان و كلدو ئاشوریی و نەتەوەو ئاینەكانی دیكە كراون زەرورییەتی سیستمێكی سێكیولاریزممان بۆ دەسەلمێنێت، وڵاتێك كەفرە كەلتور بێت، كەفرە نەتەوە بێت، كەفرە ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕی جیاواز بێت، گرنگرین شت بۆی سیستمی سێكیولاریزمە كەجیاكردنەوەی دامودەزگا دینییەكانە لەدەوڵەت، ئەوەش بەقۆناغێكی جەوهەری دادەنرێت بۆ عیراق، بەڵام ئەنجامدان و تێپەڕاندنی ئەم پرسە پێویستی بەسەرۆكێكی بەجورئەت و پشو درێژ هەیە، چونكە لەڕاستیدا پێویستە هەموان ئەوە بزانین كە سیستمی دنیاگەرایی هەمو ئاینەكان كۆدەكاتەوەو لەخۆیان دەگرێت بەیەكسانی تەنانەت بەهەمان شێوەی ئاینەكانی دیكە پێگەو شوێنی بۆ (خوانەناسەكانیش) داناوە، هەموان لەژێر وەها چەترێك بەئازادی و یەكسانی ژیان دەكەن، نمونەی وەهاش لەخۆرئاوا زۆرن و هەموشیان سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، هەرچەندە هەندێ بیروڕا سیستمی لیبراڵیزم بەسەركەوتوتر دەزانن لەپراكتیكدا، بەڵام وەها گواستنەوەیەك كارێكی ئەستەم دەبێت بۆ كۆمەڵگەیەكی وەك عیراق.

لەدوای شەڕی جیهانی یەكەمەوە مەسیحییەت داڕوخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی و جیاوازییەكی زۆر لەئەوروپا دروستبو، لەدوای ئەم شەڕە سیستمی پەروەردەو سیستمی سیاسی گەشەیەكی زۆری كردو ئەوەش لەمیدیاكان ڕەنگیدایەوە، تەنانەت وشەی خودا كەمتر بوە جێی ململانێكان و تەنانەت بیرۆدۆزەكەی داریون-یش كەمتر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرا كەتەنیا چەند دەیەیەك بو هاتبوە كایەوە، بۆیە مرۆڤی خۆرئاوا بیری لەدنیاگەرایی كردەوەو سیستمەكانی پەروەردەو ئابوریی و بازرگانی و پیشەسازی و سیاسیەتی بەرەوپێش بردو گۆڕانكاری ڕیشەییان بەسەر سیستمە كۆمەڵایەتییەكاندا هێنا، ئەوەش لەدروستبونی شۆڕشەكانی پیشەسازیی و ڕێنساس و شۆڕشی تەكنۆلۆژیی و زانیارییدا وەدەركەوتن.

ئەبراهام لینكۆڵن دەڵێت "نەتەوەی دابەشبو و پەرش و بڵاو ناتوانێت لەسەر پێیەكانی بوەستێت، هەروەك چۆن فرەكەلتوری نەتەوەكەی ئێمە كردۆتە چەند بەشێكی جیاواز، وڵاتەكەمانی بێهێز كردوە، غەدرێكی نایەكسانی دروستكردوە ئەو جیاوازییە شاراوانەی فرەكەلتوری لەهەمو شوێنەكانی وڵات دەركەوتون و دەبینین كەخەڵكی بەزمانی جیاواز قسە دەكەن، ئەوەش گەیشتۆتە حاڵەتێك كەجیاوازی زۆری لەناو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا دروستكردوە لەسەر جیاوازی بیروڕاكان، تەنانەت لەهەندێ شوێن مەترسی دروستبوەو هەڵگرانی بیروباوەڕەكانی تر ناتوانن بەئاسانی بچنە ئەو بەشانەوە، بۆیە ڕیفۆرمێكی فیكری زەرورییەتی هەیە یاخود ئەو دابەشبونە فیكرییە كۆمەڵگەی ئەمریكی لەناو دەبات و چەندین بیرۆكەی باوەڕی جیاوازی دژ بەیەك دروست دەكات كە لەداهاتودا دەبن بەمەترسی گەورە"، بۆیە دەكرێت لەم ڕوانگەیەوە مەترسییەكان بگۆڕدرێن بۆ پۆینتە پۆزەتیڤەكان و زیاتر وەسودبخرێن بۆ ئامادەكاری گواستنەوەی كۆمەڵگە لەقۆناغێكی پەرشوبڵاوی وەك عیراق بۆ كۆمەڵگەیەك كەسێكیولاریزم لانیكەم تێیدا باڵا دەست بێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە مانەوەی سێكیولاریزمە تەنیا لەشەقامەكان و لەژیانی ئۆنلاینداو نەبونی شوێن و قورساییەكەیەتی لەسیستمی بەڕێوەبردن و بیركردنەوەدا.

لەفەیسبوكی نوسەر وەرگیراوە