كۆسرەت رەسوڵ داوایەك ئاراستەی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دەكات

کوردستان 09/10/2019


كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێكیدا باس لەوە دەكات، لەشكركێشی‌و پەلاماری بۆ باكوری سوریا‌و رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد، بۆیە داوا لە كۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەكەین، چۆن لە جەنگی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی كوردستان بون، لەم پەلاماردان‌و لەشكركێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ‌و ڕێگەگرتن لەكارەساتی گەورەی مرۆیی‌و تێكچونی ئاسایشی ناوچەكە.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە كۆسرەت رەسول عەلی -یەوە

‎بەداخەوە سەرباری هۆشداری‌و ناڕەزایی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی، لەشكركێشی‌و پەلاماری بۆ باكوری سوریا‌و ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد، كە سەرباری پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان‌و سەروەری خاكی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران‌و ئاگری شەڕدان.

‎پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ‌و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی‌و چارەسەری سیاسی، كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ‌و ئاسایش‌و ئۆقرەیی ناوچەكە‌و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە‌و جارێكی تر هەڕەشەی تیرۆر كوچی بە لیشاو بەجۆرێكی تر سەرهەڵدەداتەوە.

‎داوا لە كۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەكەین، چۆن لە جەنگی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی كوردستان بون، لەم پەلاماردان‌و لەشكركێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ‌و ڕێگەگرتن لەكارەساتی گەورەی مرۆیی‌و تێكچونی ئاسایشی ناوچەكە. لەمڕوەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین، لە كۆبونەوەی چاوەروانكراویاندا گەلەكەمان نائومێد نەكەن‌و لەبەرژەوەندی ئاشتی‌و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.

‎لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەمو هێزە سیاسیەكانی كوردستان‌و گەلی كوردستان دەكەم، تەبایی‌و یەكریزیمان بپارێزین‌و نێوماڵی كوردستان تۆكمەتر بكەین. هەمو هەوڵێكمان بخەینەگەر بۆ هاوكاری مرۆیی ئاوارەكان‌و بەكارهێنانی هەمو كەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەكان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی مەترسیەكان.

‎هەروەها دەستپێشخەری كۆبونەوەو میوانداریكردنی لوتكەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەخەمەرو‌و بۆ پتەوكردنی تەبایی لایەنە سیاسیەكان‌و یەكریزی گەلەكەمان‌و یەكخستنی هەڵوێستەكان‌و ئامادەكاری بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەكان‌و مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان.
‎سەربكەوێ ئاشتی ، نەفرەت لە شەڕو خوێنڕشتن.

 

‎كۆسرەت رەسول عەلی

‎جێگری سكرتێری گشتی ی.ن.ك

9/10/2019