مەلا بەختیار لە 13/6/2016: رۆژئاوای كوردستان لەهەموو بەشەكانی تری كوردستان زیاتر مەترسی لەسەرە

ڕاپۆرت 07/10/2019



چاودێر- تایبەت:
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، كە هەمیشە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ روداوەكان و پێشهاتە جیهانی، ئیقلیمی و ناوخۆییەكان هەیەو لەچوارچێوەی ئەو خوێندنەوەو لێكدانەوانەشدا، پێشبینی هەندێ ئەگەری مەترسیدارو پێشهاتی چاوەڕواننەكراو دەكات.  كە ئامانجی هەموو ئەو پێشبینیانە، وەك زەنگێكی مەترسی دەدات بە گوێی لایەنە سیاسیە كوردستانیەكاندا لەهەر چوار پارچەی كوردستان، تاوەكو ئامادەكاری بۆ ئەو ئەگەرانە بكەن.
ئەمجارەیان ئەو پێشبینیەی دەخەینەڕوو كە رۆژی 13/6/2016 لەبارەی مەترسیەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان، لەكۆڕێكی زانكۆی سلێمانی بەناونیشانی (مەترسیەكانی دۆخی ئێستا سازان یان ترازان؟) بۆچونی خۆی خستەڕوو. 
مەلا بەختیار، لەو كۆڕەدا كە دواتریش وەكو كتێب ساڵی 2017 بەناونیشانی  (كوردستان بەرەو سازان یان ترازان؟) چاپ و بڵاوكرایەوە، لەبارەی مەترسیەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان كوت و مت بەم جۆرەی خوارەوە بۆچونی خۆی دەردەبڕێت.
لەلاپەڕە 318ی ئەو كتێبەدا، دەڵێت: "لەبەرئەوەی تائێستا هیچ جۆرە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی، لەنێوان پەیەدەو هەندێك لە هێزە رادیكاڵەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییە، هەروەها كۆنگرەی جنێف قبوڵیان ناكەن، لەبەر ئەم دوو خاڵەیە:
یەك: لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هیچ جۆرە رێككەوتنێك و دەستەبەرێك نییە.
دوو: لەكۆنگرەی جنێف تائێستا مافی كورد دەستەبەر نەكراوەو پەیەدە قبوڵ نەكراوە.
ئەم سیناریۆیانە ئەگەر بچێتەسەر، بەم سیاسەتەی ئێستای حكومەتی سوریا، بەم عەقڵیەتەی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی سوریاو بەو رێككەوتنەی كە لەنێوان سوریاو توركیا بەڕێوەیە، رۆژئاوای كوردستان، لەهەموو بەشەكانی تری كوردستان زیاتر، مەترسی لەسەرە".
شایەنی باسە، هەر لەم كۆڕەدا، مەلا بەختیار دەڵێت: لەدوا سەرئەنجامدا بەرژەوەندی ئاسایش و ئابوریی هاوبەش وادەكات، ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە.

شەوی رابردوو 6/10/2019 دوای پەیوەندیەكی تەلەفونی نێوان سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان. كۆشكی سپی رایگەیاند، كە هێزەكانیان لەسنورەكانی باكوری سوریا دەكێشننەوەو ئەمەش مەترسی هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هێناوەتەئاراوە.