کاندیدە بەهێزەکانی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات

ڕەخنەی چاودێر 06/10/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

 

گاردیان بڵاوی کردەوە: حەفتەی داهاتوو ئەکادیمیای سویدی- بۆ خەڵاتی نۆبێل، پاش ڕزگاربوون لە کێشەکانی، نەک کەسێک، بەڵکوو دوو براوە ڕادەگەیەنێت. سەرۆکی ئەکادیمیاکەش جەخت لەوە دەکاتەوە بە دوورکەوتنەوە لە دیدی "پیاومیحوەر" و "ئەورووپامیحوەر" کە لە ڕابردوودا سەپابوو، خەڵاتی نۆبێل دەتوانێت گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووی هەبێت. 

 

بڕیارە ئەم پێنجشەممەیە، ١٠ـی ١٠ـی ٢٠١٩، براوەکانی ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ـی خەڵاتەکە ڕابگەیەنرێن. ئەکادیمیای سویدی هیوادارە گەڕانەوەی نۆبێل لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانیی ئەدەبیاتەوە پێشوازیی باشی لێ بکرێت. 

 
 وا پێ دەچێت لیودمیلا ئولیتسکایا، نووسەری گوادلووپی، ماریز کۆندە و مارگارێت ئەتوود، لە چانسە بەهێزەکان بن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە. بە تایبەت دوای ئەوەی ئاندرێس ئۆڵسۆن سەرۆکی کۆمیتەی نۆبێلی ئەدەبیات ڕایگەیاند پێوەرەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئەمساڵ گۆڕاون.

 

ئۆڵسۆن ئاماژە بەوە دەکات ساڵی ڕابردوو و ڕابردووتر هەردوو براوەکە ئینگلیزیزمان بوون و لە کۆی ١١٤ براوە تەنیا ١٤ کەس ژنن، بۆیە کۆمیتەکە دەبێ دیدی خۆیان فراوانتر بکەن.


ئەو گوتی: "ئێمە دیدێکی ئەورووپامیحوەرمان بۆ ئەدەبیات هەبوو، ئێستا تەماشای سەرتاسەری دنیا دەکەین. بەر لەمە خەڵاتەکە پیاومیحوەر بوو، ئێستا ژنی زۆرمان هەیە کە بەڕاستی شایەنی ئەوەن خەڵات بکرێن."

 

ناوگەلێکی دیکەیش هەن کە چانسێکی بەهێزن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، وەک: لاسلۆ کراسناهوورکایی خەڵکی مەجەڕستان، ئۆلگا توکارچوک خەڵکی پۆڵەندا، هەروەها وەک ساڵانی ڕابردوو هارووکی مووراکامی و نگووگی واتینۆنگۆ.
 
 فایتا ڕوکۆ هەواڵنێری کولتووری و بەڕێوەبەری خەڵاتی نێودەوڵەتیی بووکەر دەڵێت: "ئەگەر بڕیارە دوو کەس براوە بن، دەبێ دانەیەکیان ژن بن. دەشبێ براوەکان لە دوو کیشوەری جیاوازەوە بن. لە نێوان ئەو نووسەرانەدا کە شایەنی خوێنەرانێکی زۆرترن، من ماریز کۆندە شاژنی گەورەی ئەدەبیاتی کارائیب هەڵدەبژێرم. هەروەها لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات کراسناهوورکایی و توکارچوک."

 

بە پێی قسەکانی ڕۆکۆ، (ما جیان) نووسەری دوورخراوەی چینی، سزار ئایرای ئەرجەنتینی و ئیتیجی کرۆگی ئەفریکای باشووریش شایەن بە خەڵاتەکەن. ئەو پێی وایە مەزندە ناکرێت نووسەری ئەمساڵیش ئینگلیزیزمان بێت. "بەڵام نیل گەیمەنـی خۆمان دەگمەنە. هەروەها نابێ ئەتوودیش لە بیر بکەین."

 

ئەلێکساندەر پاسکالیلدۆ ڕۆژنامەنووس و نووسەری سویدی-یۆنانی، کە ساڵی ڕابردوو خەڵاتی جێگرەوەی نۆبێلی دامەزراند، بە پێویستی دەزانێت یەکێک لە براوەکانی ئەمساڵ ژن بێت.
 
مۆرین فریلی سەرۆکی خەڵاتی پێنی ئینگلیزی و داوەری ئەمساڵی بووکەری نێودەوڵەتی، پێشنیاری نووسەری فەڕەنسی ئانی ئەرنۆ دەکات: "لە ژانرێکی تەواو تایبەت بە خۆی دەنووسێت. یاسا نەنووسراوەکانی ڕۆمان و بیرەوەرینووسین پشتگوێ دەخات و فەزای نوێ بۆ تێهزرینی بەکۆمەڵ دەخاتە ڕوو." هەروەها خوان گابرییەل واسکز نووسەری کۆڵەمبی، کە: "لە بەرامبەر مێژوودا دەوەستێتەوە، نیشانی دەدات کە مێژوونووسان درۆزنن و ئەکتەرەکانی لە پێچوسووچەکانیدا ون دەبن." 
 
ژاک تەستێرت کە پەخشخانەی ئینگلیزیی فیتزکاراڵدۆی هەیە و کتێبەکانی سڤێتلانا ئەلێکسێڤیچ- براوەی ٢٠١٥ـی نۆبێل-ـی بڵاو کردووەتەوە، دەڵێت: "کن زوو، نووسەری چینی و سکۆلاستیک موکاسانگا دەتوانن ئەگەری بەهێز بن. لە ئەمەریکای لاتیندا حەز دەکەم کەسێکی وەکوو ئەلینا پۆنیاتوفسکا بیباتەوە. لە خۆم نزیکتر حەز دەکەم ئۆلگا توکارچوک و یۆن فوسێ بیبەنەوە. پێشم وایە ئانی ئارنۆ براوەیەکی شایستە بێت."

ئۆڵسۆن بێسەبرانە چاوەڕێی پێنجشەممەیە کە دوو خەڵات ڕابگەیەنرێت: "ئەمە ڕووداوێکی ڕیزپەڕە."

 

نیۆیۆرک تایمز لە مانگی چواری ئەمساڵدا مۆرنانی ئوستورالیی بە ئەگەرێکی بەهێز دانا.

 

ساڵانە لە ڕۆژی ڕاگەیەیاندنی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێلدا، خوێنەران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کتێبفرۆشییەکاندا کۆ دەبنەوە و چاوەڕێ دەکەن سەرۆکی کۆمیتەی نۆبێل دەرکە دووتاکییەکەی ئەکادیمیا بکاتەوە و براوەکە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؛ بۆ ئەوەی کتێبەکانی بکڕن.