ئەم نیشانانە دەریدەخات توشی ئەكزیما بویت

تەندروستی 06/10/2019

چاودێر: تابان رەزا
ئەكزیما نەخۆشیەكی درێژخایەنی پێستە، لەئێستادا بەنەخۆشیەكی باو لەناو خەڵكیدا دادەنرێت،یەكێك لەنیشانەكانی ئەم نەخۆشیە  زۆر خوراندنی پێستەكە بەتایبەت لەشەواندا  و سوربونەوە و تێكچونی رەنگی پێستە، پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت"   نەخۆشی ئەكزیما بەهیچ شێوەیەك لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوێزرێتەوە.
نەخۆشی ئەكزیما( بیرۆ) چییە؟ 
 د. محەمەد یوسف، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی پێست،باس لەوەدەكات، ئەكزیما نەخۆشییەكی درێژخایەنی هەستیاری پێستەو  بەهیچ شێوەیەك لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوێزرێتەوە،  هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوكردنی توندی پێست،  ئەم نەخۆشییە دوو جۆری هەیە، كە بریتین لە:
*جۆری یەكەم: بیرۆی ناوەكیە كە ئەم جۆرانە لەخۆ دەگرێت.
1. ووشەكە بیرۆ: وشكبونەوەی دێرژخایەنی  پێستە كەخورانێكی زۆر و سوربونەوەی لەگەڵدا، ئەم جۆرەیان  زیاتر لەناو منداڵاندا باوە، بەڵام هەموو تەمەنەكان ئەگەری توشبونیان هەیە،  ئەگەری دەركەوتنی  لە هەموو شوێنكی پێست هەیە بەتایبەتی  دەمووچاو  وپەلەكان.
2. ئارەقە بیرۆ: ئەم جۆرەیان زیاتر لەپی دەست و بنی پێ و بەینی پەنجەكانی دەست و قاچ پەیدا دەبێت.
3. بیرۆی چەور:  ئەم جۆرەیان زۆر باوە لە شوێنە چەورەكانی  لەش دروست دەبێت وەك بێخی سەر، لووت و  گوێ  برژانگ و برۆ.
4. بیرۆی پەپكەی: ئەم جۆرەیان لەسەر شێوەی بازنەی سووری برین  دەردەكەوێت كە خورانێكی ئێجگار زۆر  و سوتانەوەی لەگەڵە.
5. بیرۆی  قەلەقی: زۆرجار قەلەقی زۆر دەبێتە هۆی پەیدابونی ئەكزیما لەجەستەدا.

*جۆری دووەم :بیرۆی دەرەكی  كە پێی دەوترێت بیرۆی بەركەوتن، كەلە ئەنجامی كاردانەوەی كۆئەندامی بەرگری لەش بۆ  بەركەوتنی هەندێك مادەی هەستیار بۆ لەش پەیدا دەبێت كە دەبێتە هۆی سوربونەوە و خورانی  زۆری شوێنەكە.
نیشانەكان
 ئەو  پسپۆڕە، دەڵێت" نیشانەكانی نەخۆشی هەستیاری  ئەكزیما لەكەسێكەوە  بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، ئەویش پێستەكە وشك و هەستیار دەبێت، سوربونەوە و  تێكچونی رەنگی پێستەكە،خورانێكی زۆر بەتایبەت لەشەواندا، ئەستوربونی پێستەكە، هەوكردنی هەندێ  لەشوێنە توشبوەكان.
 وتیشی" پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت لەكاتی ببینی هەریەك لەو نیشانە و هەست كردن بەنا ئارامی و باشتر نەبونی هەستیاریەكە بە بەكارهێنانی  كرێمی ئاسایی.