لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، حکومەتی عێراق 17 بڕیاری دەرکرد

ڕاپۆرت 06/10/2019


ئا/رەمەزان شێخانی 
پاش پێنج رۆژ لە خۆپیشاندانە خوێناویەكانی عیراق ، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبونەوەیەكی نائاساییدا لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە ئێوارەی رۆژی شەممە بەرێوەچوو چەند بڕیارێكی دەركرد و بە گرنگی وەسف كرد كە هەوڵێكی حكومەتە بۆ كپ كردنی دەنگە نارەزایەكان و وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەران و سەرجەم هاوڵاتیان.
لەماوەی 5 رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەكاندا بەهۆی كاری توندوتیژی و خوێناویەوە زیاتر لە 100كەس كوژراون و نزیكەی 4 هەزار كەسیش برینداربوون لەنێو خۆپیشاندەران و كارمەندە ئەمنیەكان
خۆپیشاندەران داوای باشتركردنی خزمەتگوزاریە بنەرەتیەكان و رەخساندنی دەرفەتی كار دەكەن سەرەتا خۆپیشاندانەكان لەشاری بەغداوە دەستی پێكرد و پاشان فراوان بوەو گەیشتە شارەكانی باشوری عیراق و بەوەش داواكاری خۆپیشاندەران زیادی كردو داوای دەست لەكاركیشانەوەی حكومەت و گۆرینی دەسەڵات دەكەن.
ئاژانسی هەواڵەكانی عیراق بڵاویكردەوە لەكۆبونەوەكەی ئێواری رۆژی شەممەدا و بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران حكومەتی عیراق 17 بڕیاری دەركرد كە بریتین لە 
رێگە بدرێت بەكەسانی هەژارو نەدار لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق داواكاری پێشكەش بكەن بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون
لەماوەی 4 هەفتەدا لە پارێزگای بەسرە دەستبكرێت بە دابەشكردنی 17 هەزار یەكەی نیشتەجێكردن بەسەر خێزانە هەژارەكاندا.
ئامادەكردن و جێبەجێكردنی پرۆگرامی نیشتیمانی نیشتەجێكردن كە بریتیە لە درووستكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێكردن لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق دا و ئەولەویەت بدرێت بەو پارێزگایانەی كە زیاتر هەژارو زەرەرمەندبوون.
پێدانی بڕی 150 دۆلار وەكو موچەیەك بۆ ماوەی 3 مانگ بە 150 هەزار بێكار و ئەوانەی توانای كاركردنیان نیە.
درووستكردنی بازاڕێكی نوێ لەناوچە بازرگانیەكانی بەغداو پارێزگاكانی دیكە لە شێوەی كۆشك و كەپر و دابەشكردنی بەسەر بێكاراندا لەماوەی 3 مانگدا و بڕی 60 ملیار دینار وەكو بودجە بۆ درووستكردنی ئەو بازاڕە تەرخان كرابەو مەرجەی ئەو كەسەی دووكانەكە وەردەگرێت بەڵێن بدات دوو كەسی بێكار بخاتە سەركار بەمەبەستی دەستەبەر كردنی 45 هەزار هەلی كار بۆ هاوڵاتیان و سەرەتا كۆشكەكان بەو كەسانە دەدرێت كە پێشتر بەهۆی زیادەرۆییەوە دوكان و كەپرو مێزەكانیان لابراون.
ئامادەكردنی پرۆگرامی مەشق وراهێنان بۆ 150 هەزار گەنجی دەرچووی زانكۆو پەیمانگەكان ئەو كەسانەش كە بێ بڕوانامەن و بێكاران بۆ ماوەی 3 مانگ لەگەڵ خەرجكردنی دەرماڵێك بۆماوەی 3 مانگی خوولەكە ئەو كەسانەشی كە لە خوولەكە سەركەوتوو دەبن پاریان پێدەدرێت بەقەرز تا بتوانن پرۆژەی بچووك و ناوەند بۆ خۆیان دامەزرێنن و بكەونە سەر كار.
وەزارەتی بەرگری دەرگای دامەزراندن بۆ لاوانی تەمەن ( 18- 25) ساڵ دەكاتەوەو هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ رێوشوێنی یاسای دەگرنە بەر بۆ گێڕانەوەی ئەو كەسانەی پێشتر بە گرێبەست دامەزراون و گرێبەستەكانیان هەڵۆشێنراوەتەوە.
ئەژماركردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان و كارمەندە ئەمنیەكان بە شەهید و سەرجەم یاساكانی تایبەت بە شەهیدان كەس و كاری قوربانیەكان دەگرێتەوە 
وەزارەتی تەندروستی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان بۆ بریندارانی خۆپیشاندانەكان و هێزە ئەمنیەكان دەستەبەر دەكات و سەرجەم تێچووی چارەسەركردنیان لە ئەستۆی حكومەتدایە.
بڕیاریش درا دانیشتنی دووەم تەرخان بكرێت بۆ چاكسازیی و داواكاری خۆپیشاندەران.
سەرچاوە/ سكای نیوز