مەلا بەختیار: ئەگەر لە (48 بۆ 72) سەعاتی ئاییندە حكومەتی عێراق بگۆڕن‌، ئەوا رەنگە بەنجێك بێت بۆ بارودۆخەكە

ڕاپۆرت 05/10/2019

"حكومەتەكانی عێراق، بەهۆی بێڕادە تەشەنەسەندنی گەندەڵییەوە، توانای چارەسەركردنی كێشە ئابوریەكانیان نەماوە"


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەكۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی گەرمیان دەكات.
لەدیدارێكیشدا، كە ئەمڕۆ (5/10/2019) لەناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەڕێوەچوو، لەگفتوگۆیەكیشدا، لەبارەی ئاستی پێشكەوتن‌و گەشەكردنی زانست‌و زانیاریی‌و زانكۆكانەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە گەشەكردنی زانست‌و زانیاری بەستونی نییە، بەڵكو بەئاسۆییە‌و روانگە بابەتییەكانیشی لەوبارەیەوە، بەنمونەی وڵاتانی دراوسێ‌ هێنایەوە، كە بە بڵاوكردنەوەی كۆلێژو زانكۆكان لەشارو شارۆچكەكان، توانیویانە ئاستی پێشكەوتن‌و زانست‌و زانیاری ببنە ئاستێكی پێشكەوتر‌و وتی: سەردەمی چپەچپ‌و كۆبوونەوەی داخراو نەماوە، بەڵكو سەردەمی ئۆنلاینە، سەردەمێكە كە هەموو بابەتەكان بەمیتۆد، بەپرۆگرام، بە دۆكیۆمێنت‌و داتا پێشكەش دەكرێت‌و لەچوارچێوەیەشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە دەتوانرێ‌ لەڕێگەی بەستنی كۆنفرانسەوە، پرس‌و بابەتە جیاوازەكان ساغبكرێنەوەو بخرێنەڕوو. هەروەك پشتیوانی خۆیشی بۆ هەر هەوڵێك لەوبارەیەوە بۆ تەئكید كردنەوە.
مەلا بەختیار، لەبەشێكی تری دیدارەكەدا، پاشئەوەی دۆخی ئێستای عیراقی هەڵسەنگاند، مەزندەی خۆیشی لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكان لەبەغداد رونكردنەوەو تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە عیراق لەئێستادا وڵاتێكی شێواوەو ناكۆكیی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان‌و لاوازیی بزوتنەوەی مەدەنی لێكدایەوەو سەرنجی ئامادەبوانیشی بۆ دواهەمین وتاری خۆی راكێشا، كە لەوبارەیەوەو بەناوی راپەڕین لەنێوان حكومەتەكان‌و حزبەكان‌و سۆسیال مێدیادا بڵاوكرۆدتەوەو تیایدا رایگەیاندووە:
"دوای سودان ‌و جەزائیر، ئەوەتا عێراقیش راپەڕی. جارێ‌ دیار نییە راپەڕینەكە بەردەوام دەبێ‌ یان كورتخایەنە. بەڵام لە عێراقی عەرەبیشدا (جارێ‌ كوردستان ماویەتی!) دەركەوت، لە لایەكەوە، حزبە سیاسیەكانی چەپ ‌و راست ‌و ناوەڕاست، لەناو كۆڕی خەباتی رادیكاڵیدا، كاریگەریان لاوازە و زۆرتر بونەتە بەشێكی سیستەمی دەسەڵات ‌و تەنها هەڵپەی دەسەڵاتیشیانە. لە لایەكی دیكەشەوە، حكومەتەكان، بەهۆی بێڕادە تەشەنەسەندنی گەندەڵی ‌و مشەخۆریەوە، توانای چارەسەركردنی كێشە ئابوریەكانیان نەماوە".
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، دوابەدوای ئەوەی وتیشی: پێشمەرگە بۆ كاتی خۆیی‌و زانستیش بۆ هەموو كاتێ‌..! ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە كردنەوەی كۆلێژ و هاتنی خوێندكارانی ناوچە جیاوازەكان، سودەكانی بەتەنها هەر ئەوەنییە كە خەڵك پەروەردە دەكەیت، بەڵكو ژینگەیەكی تر دورست دەكەیت، بۆ ئەوەی ئەو شارو ناوچانە بەزیندویی بمێنێتەوەو پشتیوانی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی بۆ پەیدا دەكەیت. چونكە زانست بۆ هەموو كاتێكە‌و چەكی دەستی ئێمەش هەر بەتەنها پێشمەرگە نییە، بەڵكو زانستیشە، بۆیە بۆ پشتیوانتیان هەرچیەكم پێبكرێت، درێغی ناكەم.
سەبارەت بەكۆی هەلومەرج‌و دۆخی ئێستای عیراقیش، وتی: ئاڵوگۆڕی پڕ لەترس هەیە‌و ئەگەر دۆخەكەش بەردەوام بێ‌، رێژەی كوژراو برینداریش زیاتر دەبێ‌‌و وتیشی:
ئەگەر لە (48 بۆ 72) سەعاتی ئاییندەش حكومەت بگۆڕن‌و ئاڵوگۆڕێك رووبدات، ئەوا رەنگە بەنجێك بێت بۆ بارودۆخەكەو ئومێدبێ‌ بیدەن بەخەڵك.