مووچەی فەرمانبەران و نەوت، حكومەتی هەرێمی هێنایە دەنگ

ئابوری 02/10/2019

چاودێر
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران كاری لەپێشینەی حكومەتی هەرێمە و دەشڵێت " بەپێی یاسای میزانیەی عێراق، نەوت رادەستی بەغدا ناكرێت، بەڵكو داهاتی نەوت رادەست دەكرێت ".
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە و چاوەڕێی راپۆرتی لیژنە تەكنیكییەكانی نێوان هەردوولا دەكەین، هەردوولاش نیازپاكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، كاری لەپێشینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و فەرمانبەران لەبەردەوام بوونی پێدانی مووچەكانیان دڵنیادەكەینەوە.
ناوبراو، وتیشی "جگە لەدانیشتن و كۆبوونەوە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، پەیوەندیی تەلەفۆنی و گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچە و هەموو بابەتەكان هەیە و چاوەڕێی راسپاردەی لیژنەكانی تەكنیكی دەكەین، لیژنەكان لەگفتوگۆدان لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە و ناوچە كوردستانییەكان و پێشمەرگە، بەپێی یاسای میزانیەی عێراق، نەوت رادەستی بەغدا ناكرێت، بەڵكو داهاتی نەوت رادەست دەكرێت".
جەختی لەوەشكردەوە، خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆی دابەش دەكرێت، هەموو هەوڵ و كۆششمان ئەوەیە كە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكەین و نیازپاكیمان بەرامبەر حكومەتی عێراق نیشانداوە، دڵنیایی ئەوەش دەدەینە خەڵكی كوردستان كە سازش لەسەر مافەكانیان ناكەین.