نرخی ئەمپێر و بەرنامەی نوێی كاركردنى مۆلیدە ئەهلییەكان دیاریكرا

ئابوری 02/10/2019


چاودێر: 
بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تشیرینی یەكەمی، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا، ئاسایشی ئابووری، چاودێری بازرگانی و لیژنەی  مۆلیدە ئەهلییەكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوەوە و بۆ مانگی رابردوو، نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان و خشتەی كاركردنیان بۆ ئەم مانگە لەشاری سلێمانی دیاریكرا.
بەپێی راگەیاندراوێكی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، كە وێنەیەكی دەست (چاودێر) كەوتووە، ئاماژە بەوەكراوە، بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، ئەمڕۆچوار شەممە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا، ئاسایشی ئابووری، چاودێری بازرگانی و لیژنەی  مۆلیدە ئەهلییەكانی سەربەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبووەوە. نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول بە (42) دینار دیاریكرا و موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (50) بۆ (70)  كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان (2) هەزار بۆ (3) هەزار دینار دەبێت .
ئەوەشخراوەتەڕوو،"خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لەمانگی تشرینی یەكەم، بەم جۆرە دەبێت: لەكاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆ بۆ دووی شەو لەئامادەباشیدا دەبن, هەر كاتێك كارەبایی نیشتمانی بڕا پێویستە كارەبای مۆلیدە بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن، جەخت لەو خاڵە كراوەتەوە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت ، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە".