مەلا بەختیار: گۆڕانکاریەکان لەسەردەمی تەتەرەوە بۆ سەردەمی تویتەر

ڕاپۆرت 01/10/2019

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، رۆژی 30-9-2019 لەگەڵ  ژمارەیەك لەبازنەكانی دابڕان لەشاری هەولێرو كۆیەو دەوروبەری كۆبۆوە، كە بەساتێك وەستان بۆ شەهیدانی كوردستان، دەستپیپێكرد.
لەوتەیەكیشدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، دوابەدوای ساتێك وەستانیش بۆ شەهیدانی كوردستان، رایگەیاند: 
چركەساتی وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، تەنها بۆ ئەوەنییە دەقیقەیەك بوەستین‌و بێدەنگ بین! نەخێر، بەڵكو مانایەكی جوانترو رەهەندێكی قوڵتر لەچركەساتی وەستان بەبێدەنگی بۆ رۆحی شەهیدەكانمان هەیە‌و وتی: 
ئەو مانا جوانەش، پەیمان نوێكردنەوەی ویژدانییە، سیاسییە، مەعریفییە، پەیمان نوێكردنەوەی بەردەوامی خەبات‌و تێكۆشان‌و پابەندبوونە بە دیموكراسی، دادپەوەری، باشتر بەدیهَنانی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی تائێستا‌و رونیشیكردەوە: ئەو چركەساتە بۆ ئەوەیە، كە بەفلتەری ویژداننماندا بچینەوە‌و هەر تەمەنێكمان هەبێ‌، لەهەر پێگەو پلەیەك بین،  چەند گەورەبین‌و باڵامان بەرز بێ‌، دەبێ‌ هەموومان لەوە تێبگەین باڵامان لەكێلی شەهیدەكانمان نزمترە. چونكە لەسایەی شەهیدەكانمانە كە ئێستا لێرە دانیشتووین، كە ئەم ئازادی‌و ئەم سەربەرزییەیە‌و ئەم هەموو دەستكەوت‌و پشتیوانی‌و ئازادییە، لەسایەی شەهیدەكانمانەوەیە.
مەلا بەختیار، وتیشی: ئەگەر بمانەوێ‌ بەردەوامبین لەخەبات، ئەوا دەبێ‌ پێش هەموو شتێك بە بەردەوامی لەویژدانماندا پەیمان لەگەڵ شەهیدەكانماندا نوێ بكەینەوە. نەك هەر بەرواڵەت هەڵبستین ناخمان پڕبێ‌ لەخۆویستی‌و دووركەوتنەوە لەپەیامە جوانەكان‌و ژینگە جوانەكانی كە شەهیدان خۆیان پێبەخشیوە.
هەر لەو روانگەیەوە، رۆشنگەرو سیاسەتمەدار مەلا بەختیار، چیرۆكی یەكەمین شەهیدی گیانبەختكردووی كۆمەڵە‌و شۆڕشی نوێ‌، شەهید فاتح گێڕایەوەو بە جەرگبڕینی ساڵی 1976 ناوبردو هاوكات ئاماژەشی بۆ رۆژگاری لەسێدارەدانی شەهیدان شیهاب‌و جەعفەرو ئەنوەر و هێنانەوەی تەرمەكانیان كرد بۆ سلێمانی‌و كۆیە‌و كەركوك‌و بەمایەی وروژانی خەڵكی كوردستانیشی ناوبرد‌و وتی: ئیتر لەو سەردەم‌و رۆژگارەوە بۆ ئێستا كە 43ساڵمان گوزەراندووە، یەكێتی كاروانێك لەشەهیدی بەخشیوەو درێژەی هەیە.
لەبەشێكی تری وتەكەیدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە لەئێستادا قسە زۆرە لەسەر ئەوەی كە ئایا ئێمە لەئاستی ئەو هەموو قوربانییەدا وەكو پێویست ئەركەكانمان راپەڕاندووە، یان نا؟ ئایا رەخنەمان لەسەر یان نا؟ ئایا دیاردەی نەشیاو‌و نەگونجاو، لەكوردستاندا هەیە یان نا؟ كە بێگومان رەخنەو ناڕەزایەتیش هەیە‌و ئەگەر رەخنەو ناڕەزایەتی نەبێ‌، ئەگەر گەندەڵی‌و كەموكوڕی نەبێ‌، بۆچی یەكێتی‌و پارتی لەساڵی 1992 لەسەدا 95ی دەنگی كوردستان دەهێنن، بەڵام ئێستا بەلەقەلەق لەسەدا پەنجا دەهێنن. واتە هەموو كوردستانی باشور، لەسەدا 50 بۆ 55 بەشداری هەڵبژاردن دەكەن‌و ئەمەش مانای ئەوەیە رێژەی بەشداری خەڵك ‌و رێژەی دەنگی هەموو حزبەكانیش، كەمیكردووەو! وتی:
بێگومان ئەمەش دەیسەلمێنێ‌ كە كەموكوڕی هەیە‌و خەڵك رەخنەی هەیە، بەتایبەتی كە ئێستا لەسەردەمێكداین، كە ئەوە نەماوە شانە نهێنییەكانمان لەشارەكاندا ئیش بكەن‌و پێشمەرگانیشمان بە پارتیزانی خەباتیان دەكردو كەمترین دەنگ‌و باسمان بڵاودەبۆوە. چونكە ئەوكاتە لەرێگەی تەتەرەوە دەنگوباس‌و هەواڵ‌و نامەكانمان لەشارەو شارەوە بۆ ناوچەكان‌و بۆ تیپەكان بڵاودەبۆوە، دواتریش لەشەڕی عیراق ئێران ئامێری بێتەلمان دەستكەوت‌و لەو رێگەیەوە پەیوەندییەكانمان دەكرد. كاتێكش ئێزگەمان دامەزراندو ئامێری بێتەلیشمان دەستكەوت، بە بروسكە‌و بەنهێنی‌و بەجفرە لەتیپەكانمان دەگەیاند كە دەنگوباسەكان چی‌و چین! بەڵام ئائا ئێستا وایە؟!
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بەپێچەوانەوە لەئێستادا گیرفانی هەر كەسێكیمان ئاژانسێكە‌و كانگایەكە لەكانگاكانی هەواڵ‌و سەرچاوەیەكە، لەسەرچاوەكانی زانیاری‌و وتی:
ئێستا گیرفانەكانتان، ئەگەرچی بچوكە، بەڵام بەهۆی سۆشیال مێدیا‌و، بەهۆی تەكنیكەوە، جێگەی دونیای تێدابۆتەوە. واتە لەدنیای قارەمانێتی تەتەرەكانەوە، (كاك شێركۆ بێكەس یەكێك لەجوانترین شیعرەكانی بۆ تەتەر نوسیوە) بۆ دنیای تویتەر گواستراوینەتەوە! بۆیە پێویستە لەم دوو دنیایە بگەین، كە تەتەر لەكوێ‌ و تویتەر لەكوێ‌. كە دوو دنیای ئێجگار جیاوازیان هەیە‌و جاوازییەكەش سەراپایە‌و مەحكموین بەتێگەیشتنیش‌و رۆچووین لەم دنیایە، كە هەر حكومەت‌و دەسەڵاتێك، هەر كەسێك بیەوێ‌ لەرابردوودا بژی، بێگومان ئەوا بەزیندووی خۆی دەكوژێ‌، واتە لەرابردوو ژیانا، خۆكوستنە لەروی ویژدانییەوە، لەڕووی مەعریفەوە، لەرووی وەرگرتنی زانیارییەوە‌و كوشندەترین خۆكوشتنیش ئەوەیە كە: ئەم هەموو گۆڕانكاریی‌و زانیاریی‌و شەپۆلەكانی دەنگوباسە هەیە، بەڵام گوێی خۆمان ئاخنیبێ‌ لەنەریتی رابردوو، لەدەنگوباسی رابردوو، لەتێگەیشتنی رابردوو و نەمانەوێت تێبگەین لەكوێین! كە ئەوەش خۆكوژی ئەقڵە، هزرە، فەلسەفەیە، خۆكوژی تەكنیك‌و هەواڵە سەبارەت بەتاك‌و كۆی كۆمەڵ، سەبارەت بەحزب‌و دەسەڵاتیش، داوودەزگاكانەوە هەر لەباخچەی ساوایان‌و پەروەردەوە تا زانكۆ‌و پەیمانگەكان.
تەئكیدیشی كردەوە: بۆیە لێپرسراوێتی‌و ئەركمانە لەسەردەمی جیهانگیر‌و سۆشیالمێدیادا، لەسەردەمی شۆڕشی زانیارییەكان‌و پەیوەندییە خێراكانی ئەم سەردەمە، پێش هەموو شتێك خوێندن تەواو بكەین. چونكە ئەركی ئێوە نییە ئێستا سیاسەت و پێشمەرگایەتی بكەن، بەڵكو دەبێ‌‌و پێویستە بخوێنن‌و خوێندكار، خوێندكاری سەردەم‌و مامۆستاش، مامۆستای ئەم سەردەمەو فەلسەفەی خوێندیش، هی سەردەم بێ‌‌و سیستەمی پەروەردەش، هی سیستەمی پەروەردەی سەردەم بێ‌. چونكە گوناهێكی ئێجگار گەورەیە، ئێستاش بەشێك لەسیستەمی پەروەردەو فەلسەفەی ئێمە، لەرابردوودا چەقیبێ‌‌و ئاگای لەتەكنیك‌و گۆڕانكارییەكانی ئێستا نەبێت‌و ئاگای لەمیتۆد، رەخنە، كرانەوەی ئێستا‌و ئاگای لەپرسیارو كرانەوەی هەموو زانستەكان نەبێ‌.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، لەبارەی تێگەیشتنی ئەقڵ‌و وەرچەكانی مێژووداشدا، روانگە جیاوازەكانی رونكردەوەو تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: لەسەدەی شانزەهەمدا، ئەقڵ چەقی بیركردنەوە نەبوو، بەڵكو داگیر كرابوو، بەهەموو ئەو ئەفسانە‌و قەناعەتە مەزهەبی، نەریتگەرایی، كۆمەڵایەتی‌و ..تد، كە مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبرد. بەڵام لەسەدەی شانزەهەم بەدواوە، لەسەدەی گالیلۆ‌و ئەرخەمیدسەوە، وردە وردە زانست‌و زانارییەكان، بنچینەكانی تێگەیشتنی گەردوونی لەڕووی زانستییەوە ساغكردەوە، ئەقڵ كرا بەچەقی بیركردنەوە‌و هەتاویش كرا بەچەقی گەردوون‌و لێرەوە هەموو پرۆگرامەكانی ژیان گۆڕان.
وتشی: لەئێستاشدا، كە ئەم هەموو دۆزینەوەی سیستەم‌و كۆمپیوتەرو زانست‌و زانیارییە لەبەردەستدایە، ناتوانێ‌ وا لەئێمە بكات، بیر لەوە بكەینەوە كە سیستەمی كۆمەڵایەتیمان، سیاسیمان، مەعریفیمان بگۆڕین‌و ئەم هەموو داهێنانە لەبەردەستماندایە، ماف بەخۆمان بدەین رەخنە بگرین‌و پرسیاری نەكراو بكەین! چۆن دەكرێ‌ هەر بەئەقڵێكی داخراو بمێنینەوە، نەتوانین بوێر بین‌و بپرسین! 
هاوكات جەختیكردەوە، كە سەردەمی ئێمە سەردەمی تەتەرو سەردەمی ئێوەش سەردەمی تویتەرەو لێپرسراوێتییەكی گەورەی ئەم نەتەوەیە، ئازادی، رزگاری‌و ئاییندەی ئەم نەتەوەیەش لەسەر ئێوەی نەوەی ئەم سەردەمەیە‌و پێویستە بوێریی ئەوەتان هەبێ‌، پرسیاری نەكراو بكەن‌و رەخنەگری ئەقڵانی بن‌و وتیشی:
دنیا گۆڕاوە، ناكرێ‌ نەگۆڕێین، ناكرێ‌ حزبەكانمان نەگۆڕێن، ناكرێ‌ رێكخراوەكانمان، كوردو كوردەواریش نەگۆڕدرێن! ناكرێ‌ خێزانی كوردەواری نەگۆڕدرێ‌‌و تاكی كورد، ژن‌و پیاو، كچ‌و كوڕ نەگۆڕدرێن. چونكە شەڕ لەگەڵ كۆڕانكاری ناكرێ‌، بەڵكو لەگەڵ داگیركەر دەكرێ‌، گۆڕانكاریش داگیری نەكردووین، بەڵكو خزمەتی كردوین.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشیدا، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە، بەچەندین پرسیارو وەڵام، مشتومڕێكی فكریی‌و فەلسەفیان لەگەڵ سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕاندا كرد.