ڕۆماننووسەکە هەموومانین

ڕەخنەی چاودێر 30/09/2019

فێرناندۆ پێسۆوا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

ئەدەبیات- کە هونەرە و لە هۆش مارە کراوە، ئاگایییەکی دوورەدەستە لە واقیع- ئەگەر هەر بەڕاستی کردەیەکی ئینسانی بێت و تەنیا دیوە گەشەکردووەکەی سروشتە حەیوانییەکەمان نەبێت ئەوا بۆ من ئەو کۆتایییەیە کە دەبێت هەموو ڕەنجە مرۆیییەکان لە پێناویدا هەوڵ بدەن. کردەی دەربڕین هەوڵێکە بۆ گلدانەوەی بەهای شتەکان و لابردنی دزێوییەکانیان. هەمیشە دەشتەکان لە سەروەختی وەسفکردنیاندا سەوزتر دەردەکەون تا لە حاڵی ڕاستەقینەی خۆیاندا. گوڵەکان ئەگەر بە دەستەواژە خەیاڵکردەکان پێناسە بکرێن ڕەنگگەلێک دەنوێن لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیاندا ناتوانن بە دەستی بێنن.


ئەوەی بجووڵێت دەژی. ئەوەی بگوترێت دەوامەی دەبێت. هیچ شتێک لە ژیاندا نییە بە هۆی باش-وەسفکردنییەوە ناڕاستەقینەتر دەربکەوێت. جاری وا هەیە ڕەخنەگرە بیرکۆڵەکان ئاماژە بۆ فڵان و فیسار شیعر دەکەن و دەڵێن ئەم بڕگەیە لێرەدا واو و لەوێدا ئاوا، ئەم دەمەتەقێیە ئەوە و ئەوەیان ئەمە، جا ئەوەی ئەم شیعرە گوتوویەتی هەر ئەوەندەیە کە ڕۆژەکە ڕۆژێکی خۆشە و هیچی تر، بەڵام گوتنی ئەوەی کە ڕۆژەکە ڕۆژێکی خۆشە کارێکی ئاسان نییە، چونکە خودی ڕۆژە خۆشەکە تێ دەپەڕێت. کەوتووەتە سەر ئێمە کە لە ڕێی وشەکانەوە ڕۆژە خۆشەکە گل بدەینەوە و یادداشتێکی پەمەییی لێ دروست بکەین، لە بەتاڵی و دنیا تێپەڕەکەی خۆیدا برێک گوڵ و ئەستێرە بەسەر ئەرز و ئاسمانەکەیدا بپرژێنین.


هەموو ئەوەی کە هەیە ئێمەین، بۆ ئەوانەشی کە لە کاتە جیاوازەکاندا بە دوای ئێمەدا دێن هەموو ئەوەی کە دەبێت بریتی دەبێت لەو خەیاڵاتانەی کە ئێمە کردوومانن، واتە هەموو ئەو خەیاڵاتانەی کە تەجەللایان کردووین. من وەهای دەبینم کۆی گشتیی پانۆرامای مێژوو لێڵییەکە لە لێشاوێکی بەردەوامی تەفسیرەکان و کۆڕایییەکی تێکەڵوپێکەڵە لەسەر گوزارشتی کۆمەڵێک شایەتیی باوەڕپێنەکراو. ڕۆماننووسەکە هەموومانین، هەمووشمان لە کوێدا شتێکمان بینی دەست دەکەین بە گێڕانەوە، چونکە بینین وەکوو هەموو شتەکانی تر ئاڵۆزە.


هەر لە ئێستادا ئەوەندە خەیاڵاتی بنچینەیی لە دەروونمدایە، ئەوەندە ئەندێشەی بانسروشتی ڕژاوەتە ناومەوە، هەست دەکەم ماندووم، بۆیە بڕیارم داوە چیدیکە نەنووسم و بیر نەکەمەوە. لێ دەگەڕێم ئەم پەتای گێڕانەوەیە بمخاتە خەو، ئینجا بە چاوێکی خەواڵووەوە وەکوو ئەوەی دەست بەسەر پشیلەیەکی ماڵیدا بێنم چاوێک بەسەر نووسراوەکاندا دەگێڕم.

 

 

سەرنج: ئەمە بەشێکە لە کتێبی نائارامی