سبەینێ چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێدەکات

رۆشنبیری 30/09/2019



رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری 2019، چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و فیلمی "خوشكانی جەنگ"، كە باس لە چیرۆكی ژنە شەڕڤانەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات، وەك یەكەم بەرهەم نمایش دەكرێت.

فێستیڤاڵەكە بە بەشداریی كەسایەتی و دەرهێنەرە ناودارەكانی جیهان بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا 134 فیلم لە 79 وڵاتی جیهانەوە دێنە سلێمانی و ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.

لەو فێستیڤاڵەدا 44 فیلمی كوردی نمایش دەكرێن، یەكەمین فیلمیش لە سەر ژنە شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستانە بە ناوی "خوشكانی جەنگ"، كە لەلایەن ژنە دەرهێنەر و رۆژنامەنووسێكی فەڕەنسییەوە بەرهەمهێنراوە.

هەروەها جگە لە نمایشكردنی فیلمەكان، دوو پانێڵی گرنگ بەڕێوەدەچێت، یەكەم پانێڵیان رۆژی 2ی ئۆكتۆبەر لەژێر ناونیشانی شێرپەنجەی زەوی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك پسپۆڕانی ژینگەیی و پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، پانێڵی دووەمیش رۆژی 4ی ئۆكتۆبەرە كە پانێڵی دەزگاكانی فیلمە لە جیهاندا و بە بەشداری كەسانی پسپۆڕ پێشكەش دەكرێت.