ڕەنگە ئەمساڵ ئوستورالییەک نۆبێلی ئەدەبیات بباتەوە
سەرەتای مانگی دە ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نوبێل، دوو براوەی نوبێلی ئەدەبیات ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ میدیاکان گریمانەی جێڕاڵد مورنان دەکەن خەڵاتەکەی پێ ببەخشرێت.
مورنان لە یەکەم ڕۆمانیەوە، کە ساڵی ١٩٧٤ بڵاو بووەوە، بە نووسەری نووسەران ناسرا. ئەم نازناوە بە کەسانێک دەبەخشرێت کە کتێبەکانیان بایەخێکی ئەتۆی بۆ دنیای ئەدەبیات هەیە، بەڵام بۆ خوێنەران بە گشتی سەرنجڕاکێش نییە.
مورنان نووسەرێکی ئوستورالییە و ١٦ کتێبی داستانی، غەیرەداستانی و شیعری نووسیوە و تا ئێستا تەنانەت خەڵاتی ئەدەبیی مایلز فڕانکلینیشی پێ نەبەخشراوە، کە لە گرنگترین خەڵاتەکانی ئوستورالیایە. بەڵام لە ٢٠١٨ـدا ناوی کەوتە نێو ناوان کاتێک کۆمەڵەچیرۆکی "ناوچەی سنووری" وەک کاندیدی ئەو خەڵاتە هەڵبژێردرا.
نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندووە مورنان چانسێکی بەهێزی بۆ بردنەوەی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات هەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە: باشترین نووسەری ئینگلیزیزمانە کە لە ژیاندا مابێت.
مورنان خۆی دەڵێت: لە دە ساڵی ڕابردوودا بەردەوام کاندیدی خەڵاتی نوبێل بووم. هەر ئەوەی کە وەک نووسەرێکی ئوستورالی کاندید بم خۆشحاڵم، بردنەوەکە گرنگ نییە.