دەتوانم لە شەشی ئێوارەدا بمرم

ڕەخنەی چاودێر 27/09/2019

لویس عومەر لارا مێندۆزا

(چەند شیعرێک)
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە


لویس عومەر لارا مێندۆزا، شاعیر، وەرگێڕ و نووسەری چیللییە. ٩ـی جوونی ١٩٤١ لە ئەراوکانیا لە دایک بووە. ئێستا تەمەنی ٧٨ ساڵە.

 

 


ئەم بێدەنگییە هیی ئێمە نییە
کەس ئەم بێدەنگییەی ئارەزوو نەکردووە
کەس ئەم بێدەنگییەی نەویستووە
لەگەڵ مێزدا بە هەڵە وەردەگیرێت ئەم بێدەنگییە
لەگەڵ ترسوخۆفدا بە هەڵە وەردەگیرێت
ئەم بێدەنگییە
لەگەڵ ئازاردا بە هەڵە وەردەگیرێت
*

دەتوانم لە شەشی ئێوارەدا بمرم
بەڵام هێشتا زیندووم
دەتوانم تاقەکەسێک بم
کە لە کڕێوە بە سەلامەت دەربازی دەبێت
بەڵام ئێستا تۆ لێرەیت
دەتوانی هەبیت و تێپەڕییت
بەبێ ئەوەی تەماشام بکەیت
بەڵام لێرەیت و
خۆشمت دەوێ
دەتوانی خۆشمت بوێ و
هەموو شتێک دەتوانێت لە یەکتر جیامان بکاتەوە
دەکرێ کە بشێ و
دەشێ کە نەکرێ
*

لە تێکڕای شارەکانی زەویدا
باران دەبارێت و
من دەتوانم ڕووخسارم
بەرەو ئاسمان بگرم و
لەو هەورانە بپرسم
کە ئاخۆ لە ئاسمانی ئەو شارەوە دێن
کە جارێک ڕووخسارم بەرەو ئاسمان گرت و
لە هەورەکانم پرسیی
کە ئاخۆ لە ئاسمانی ئەو شارەوە دێن؟
*

وریا بە کە چاو دەخەیتە سەر چی ئەی ماسیگر!
ئەوەی ئێستا دەیبینیت
ئیتر نابێت
ئەوەی هەنووکە دەستی لێوە دەدەیت
دەڕزێت
ئەوەی ئەمڕۆ درکی ناکەیت
ڕۆژێک
بریندارت دەکات

 

 

 

 

تایبەت بە ڕەخنەی چاودێر