شەڕ و ئاشتی لە هیندستان هەرا دەنێتەوە
ڕەخنەی چاودێر
پۆلیسی شاری مۆمبای هیندستان پێنج چالاکی مەدەنیی دەستگیر کردووە، کە پرسیاری دادگای شارەکە لە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرای ناوەتەوە.
بیبیسی بڵاوی کردەوە: ڕووداوەکە بەم جۆرە ڕووی داوە، کە پاش دەستگیرکردنی ئەو پێنج کەسە و پشکنینی ماڵەکانیان، دادگای باڵای شارەکە لە ڤێرنوون گونزالۆسی پرسیوە- کە یەکێکە لە گیراوەکان- ئاخۆ ڕۆمانی "جەنگ و ئاشتی"ـی تۆلستۆی چی دەکات لە ماڵەکەیدا و بۆچی کتێبێکی لە بارەی جەنگی وڵاتێکی دیکەوە هەیە.
ئەم پرسیارە پێکەنینهێنە لە لایەن کاربەرانی هیندیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە و زۆرێکیان دادگایان بە نەخوێندەواریی ئەدەبی تاوانبار کردووە. ئەم چالاکە مەدەنییانە مانگێک لەمەوبەر دەستگیر کراون و تازە دادگاییکردنەکەیان دەست پێ دەکات.
پاش لێشاوی ڕەخنەکان لە پرسیارەکەی دادگا؛ سارانگ کوتوال سەرۆکی دادگا بەم جۆرە پاکانە بۆ خۆی دەکات کە مەبەستی ئەو ڕۆمانە کلاسیکەکەی تۆلستۆی نەبووە و لە ڕاستیدا زانیویەتی ئەمە بەرهەمێکی ئەدەبییە.
دادوەرەکە دەڵێت: لە بواری یاساییدا هەر جۆرە بەڵگەیەک دەبێت لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت.