کێشەی پاییز

ڕەخنەی چاودێر 22/09/2019

شاڵاو حەوبیبە

 

 

زۆرێک لە شاعیرە مەزنەکانی جیهان شیعریان بۆ پاییز نووسیوە. خۆشبەختانە زۆرێکیان شیعری جوانن، چونکە شاعیری خراپ شیعر بۆ هاوینیش بنووسێت هەر خراپ دەینووسێت. من هایکۆی ژاپۆنیم گەلێک خۆش دەوێت، ئەم دانەیەش ڕەوا هەژار بۆی ناردووم: مانگەشەوێکی پاییزە/کرمێک بە بێدەنگی/کەستانەیەک هەڵدەکۆڵێت. هیی باشۆیە. ڕەنگە خراپییەکی زۆربەی شیعرەکانمان بۆ پاییز، هیی ئەوە بێت هەستێکی پێشوەختمان بەرامبەر بە وشەکە هەیە، کە تەنانەت خودی خەمگینییەکەیش پەیوەست بە پاییزەوە ناتوانین بکەینە شیعرێکی جوان، کە هەندێک جار ئەمە لە ڕێی کرمێکەوە دەکرێت.


لە شیعرە باشەکاندا، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە گشتییەی دەربارەی شیعری پاییز هەیە، خەبەرێک لە (ناسکی) و (خۆتەسککردنەوە) نییە. بۆیە خوێنەرێکی گشتیپەسەند کاتێک شیعرێکی ئێکێلۆف یان پاز یان هەر شاعیرێکی تری هاوئاست بخوێنێتەوە، درکێکی ئەوتۆی بۆ نابێت، چونکە ئەو ڕوانینێکی دیکەی بۆ پاییز هەیە کە لە دەوری ناسکی و خۆتەسککردنەوەدا دەخولێتەوە، هەرچەند ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە و ڕەتکەرەوە بێت، بەڵام بۆچوونەکەی لە هەرێمی شیعردا نییە. ڕەتکردنەوەی یەک دنیا شیعری خراپی پاییزانەیش تەنیا ڕەخنەگرێکی ئاستنزم و خراپی گەرەکە، شتێکی ئەوتۆتری ناوێت.


لە شیعری کوردیدا، ئەوەی ئێستا بیرم بێت، باشترینیان بۆ پاییز هیی گۆرانە و خراپترینیان هی محەمەد عومەر عوسمان.


هەڵبەت شیعر بۆ وەرزەکان بەم جیاکارییە نییە کە لای ئێمە باوە و لە پاییزدا گیرساوەتەوە. بۆ نموونە لای ژاپۆنییە کۆنەکان شیعر بۆ گشت وەرزەکانە. ئەوەیش ئاسایییە کە شیعری پاییز هەندێک جار خەمگین بێت. باسی ئێمە دەبێت باسی شیعرێکی چاک بێت نەک شیعرێک کە پێمان وا بێت و لامان وا بێت ئاماوئاوا بنووسرێت.


ئێرانییەکان ئێستا ئەحمەدڕەزا ئەحمەدییان هەیە، کە شیعر بۆ بەهار دەنووسێت. بەهار و سێو. زستانیش بە هێمنی ئەو جێ ئەبەدییەی بە پاییز لێژ کردووە، هەڵبەت هێندە بەرچاو نییە و لە دنیای کوردییشدا وا درک دەکەم ئەمە هێشتا بینراوێک بێت تەنیا لەناو شاعیران خۆیاندا. ئەوەی بە گشتی وا پێ دەچێت دوورەستاتیکا و دوورەشیعر بێت، هەر هاوینە. کەس خۆشی ناوێت. بە تایبەت لە وڵاتە گەرمەکاندا. بۆیە وەک دەبینیت ئاسایییە شاعیرێک ئەو درکەی بکات بە شیعر کە بۆ ژیان و دنیای دەوروبەر و شتەکان هەیەتی. شیعرێکی خراپیش گرنگ نییە باسی چیی کردووە و بۆ کێی نووسیوە. ئەمەیان پرسیارێکە لە دەرەوەی شیعر. ئەوەیش سەیر نییە کە شیعرە زۆر خراپەکان دایمە بەرسەرنجترن وەک لە شیعرە باشەکان، کەچی ئەو هەموو خوێنەرەی ئەو هەموو شیعرە خراپە گلەیی دەکەن گوایە شیعری باش بوونی نییە و دێڕەکەی شێخ دەکەنەوە بە مانشێت، بەڵام شیعرە باشەکان هەر لەم نزیکانەن و کڕیاریان نییە، چونکە درکێکی جیاوازیان بۆ بوونەوەر بە گشتی هەیە و خوێنەریش بە گشتی حەزی لە شیعرێکە درکی ئەوی بۆ جیهان نەگۆڕیبێ و ئاشنا بێت، بۆیە ئەگەر بە وردی بیری لێ بکەینەوە ڕەخنە پاییزییەکە ڕووی لە خوێنەرانە نەک شاعیران. ڕەنگە زۆرێک لە خوێنەران ئەمە ڕەت بکەنەوە کە ئەوان ساکارانە بیر دەکەنەوە. ئەمەیش ئاسایییە.