فالەح فەیاز چۆن توانی ئەبومەهدی موهندیس لەحەشدی شەعبی دووربخاتەوە؟

ڕاپۆرت 22/09/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
فالەح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی توانی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری لە حەشدی شەعبی دووربخاتەوە لەكاتێكدا موهەندیس بەلاینگری ئێران دادەنرێت.
رۆژی شەممە هێزەكانی حەشدی شەعبی پێكهاتەی نوێی ئەو هێزیان راگەیاند پاش ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكداریەكانی عیراق رەزامەندی لەسەر دەربڕی 
بەگوێری پێكهاتەی نوێی ئەو هێزە فالەح فەیاز سەرۆكی دەستە دەسەڵاتی دامەزراندنی بەوەكالەت پێبەخشراوەو پۆستی جێگری سەرۆكی دەستە هەڵۆشێنرایەوە كە موهەندیس پڕی دەكردەوە.
بەر لەچەند مانگێك سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای لە فەیازكردو مۆڵەتی دوومانگی پێبەخشی تا پێكهاتەی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی دامەزرێنێت ولەو ماوەیەدا ناكۆكی توند لەنێوان فەیاز و موهەندیس درووستبوو كە پێویستی كرد قاسم سولێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی عیراق بكات بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان سەرەتا موهەندیس دژایەتی پێكهاتەی نوێی حەشدی كردوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ هەشت ناوچە دابەش دەكات لە باكوور و باشور و ناوەراست و خۆرئاو هەڵۆشاندنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی دەستە ودانانی سەرۆكی ئەركان لەبری ئەو پۆستە.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كردوە موهەندیس هەستی كردوە ئەو هەنگاوە ئەوە دەگەێنێت كە كەسێكی نەخوازراوە لەریزەكانی ئەو هێزە وپۆستی سەرۆكی ئەركان پێویستی بە ئەفسەرێكی پلە باڵایە هاوكات خۆشی بە گەورەتر لەوپۆستەدەزانێت .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە فەیاز بۆ قاسمی سولێمانی روونكردوەتەوە كە عیراق بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەرێت و زۆربەی میلیشیا چەكداریەكان وبەتایبەتیش میلیشیاكانی سەر بە موهەندیس پابەند نابن بە بریارە رەسمیەكانەوە وبەئاشكراش باسیان لە تێوەگلانی عیراق كردوە لە گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان واشنتۆن و ئێران و سلێمانی تێگەیشتنی بۆ دۆخەكە دەربڕیوە.
چۆن ئەبو مەهدی موهەندیس پەیوەندی بەهێزەكانی حەشدی شەعبیەوە كردوە؟
كاتێك ساڵی 2014 ئەو هێزە دامەزرا موهەندیس لە بارودۆخێكی نارۆشندا بەجێگری سەرۆكی دەستە خۆی دامەزراند بەبێ ئەوەی هیچ نوسراوێكی رەسمی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بۆ دەركرابێت بەتایبەتی كە دامەزراندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بارودۆخێكی نائاسایی و خێرادا بوو كە سەرەتا بریتی بوون لە كەسانی خۆبەخش.
موهەندیس زۆربەی ژیانی لە ئێران بەسەر بردوەو باوەڕی تەواوی بە ویلایەتی فەقێ هەیە ،زمانی فارسی بە باشی دەزانێت و پەیوەندی پتەوەی لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەیە و سەرۆكایەتی چەندین میلیشیای چەكداری دەكات بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبوڵڵا.
هیشام هاشمی پسپۆری ئەمنی رایگەیاند:پێكهاتەی نوێ چەندین خاڵی ئیجابی هەیە و لە ئێستادا باوەڕی سەربازی حەشد لەگەڵ سیاسەتەكانی سیستمی بەرگری عیراق دەگونجێت لەرووی پێناسە كردنی دووژمن و شەڕكردن لە دەرەوەی سنورەەكان لە كاتێكدا رێبازی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بریتی بوو لە پاراستنی دەستكەوتەكانی شیعە لە عیراق و ناوچەكەدا كە پەیڕەوی رێبازی عەلی خامەنئیان دەكرد كە بریتیە لە پاراستنی شیعە لە مەترسیە ناوخۆی و دەرەكییەكان.
پێكهاتەی نوێی ئەو هێزە كاردەكات بۆ بونیاتنانی رێبازی حەشدی شەعبی بۆ بەرگری كردن لە سەروەری نیشتیمانی عیراق و پاراستنی دام ودەزگاكانی دەوڵەت لە مەترسیەكان وگرووپە تێرۆریستیەكان و كەبەم شێوەیە دەبێتە پێكهاتەێكی نزیك لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەكان.
فالەح فەیاز بەوە ناسراوە كە پەیوەندییكی هاوسەنگی لەگەڵ ئێران و ئەمریكا و رووسیا هەیە وخۆی بە دوور دەگرێت لەململانیەكان لە پێناو وڵاتانی دراوسێ بە پێچەوانەی موهەندیسەوە كە رایگەیاند پشتیوانی ئێران دەكات لە دژی ئەمریكا.
وائیل شمەری پسپۆری سیاسی رایگەیاند پێكهاتەی نوێی حەشدی شەعبی پێویستی بەكاتی زیاتر و نیەتی راستگۆیانە هەیە بۆ هەڵۆشاندنەوەی ئەو گرووپە عەقیدیانە كە باوەڕیان بەعیراق نیە و پەیڕەوی ویلایەتی فەقێ دەكەن.
راشیگەیاند لە ئێستادا حەشد بریتیە لەچەند لیوایەكی سەربازی و هەر لیوایەك گوێڕایەلی ئەو سەركردەیە دەكات كە دایمەزراندوە لەبەر ئەوە پێكهاتەی نوێ چارەسەری ئەو كێشەیە ناكات گەر كێشەی وەلائەیان بۆفەقێ چارەسەر نەكرێت 
ئاژانسەكان.