باوکی مەلالە چی فێرکردم دەربارەی فێمینیزم

ڕەخنەی چاودێر 19/09/2019

باوکی مەلالە چی فێرکردم دەربارەی فێمینیزم  

وه‌رگێرانى له‌ ئينگليزييه‌وه‌: گوڵان مه‌حمود

 

یوسفزای نووسەری "بهێڵە بفڕێت: گەشتی باوکێک"، یادەوەرییەک دەربارەی جەنگەکانی لەپێناو مافەکانی ژنان لە پاکستان و پەیوەندی لەگەڵ کچەکەیدا،مەلالە.

زۆر پێش لەدایکبوونی کچەکەم، مەلالە یوسفزای، زۆر پێش ئەوەی دەستبکەین بە شەڕکردن بۆ مافی خوێندنی کچان پێکەوە، وە زۆر پێش هێرشی دڕندانەی تاڵیبان کە سەرنجی جیهان بەلای چیرۆکەکەدا ڕاکێشرا، بڕیارێکم دا. لە گوندی Shangla گەورەبووم، لە باشووری پاکستان، بە باوکسالاری دەورەدرابووم. پێنج خوشک و برایەکم هەبوو و دەمبینی کە چۆن ئێمەی کوڕان پێڵاوی باشتر، جلی زیاتر، وە پارچە گۆشتی بەتامی زیاترمان لە کچەکان وەردەگرت. دەمبینی کە چۆن دایکم بەبێ پاسەوان نەیدەتوانی لەماڵ بچێتە دەرەوە، وە لە بەڵگەنامەکاندا، بۆ نموونە ڕەچەتەی پزیشک، هەرگیز ناوی دایکمی تیادا نەدەنووسرا بەڵکو بە ناوی دایکی یوسفزای یاخود خێزانی ڕاهول ئەمین دەنووسرا. وە لە هەموو ئەوانە زۆر خراپتر، دەمبینی کە چۆن دەچووم بۆ قوتابخانە، لەکاتێکدا خوشکەکانم لەماڵەوە دەمانەوە و داهاتوویان دەسووتا. زۆر سوربووم لەسەر ئەوەی کە ئەگەر بووم بە باوک، باوکێکی جیاواز دەبم. کاتێک هاوسەرگیریم کرد، بڕیارماندا خێزانێکی یەکسان دروستبکەین، ڕێز لە یەکتری بگرین وەک دوو هاوبەشی یەکسان و کچەکەمان مەلالە بەهەمان شێوەی کوڕەکانمان بەخێوبکەین. تا تەمەنی ٤٥ ساڵی وشەی فێمینیزمم نەبیستبوو، دوای ئەوەی هێرشەکەی سەر مەلالە ناچار بە گەشتکردنی کردین بۆ شاری بێرمینگهام لە بەڕیتانیا، پێشتر بۆ چەندین ساڵ هەوڵمدابوو کە جوڵانەوەی فێمینیستی لە خێزانەکەم و کۆمەڵگاکەمدا بڵاوبکەمەوە. پێموایە باوکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە شەڕکردن لەپێناو مافەکانی ژناندا. بەدڵنیاییەوە، کاتێک مافەکانت پێشێلدەکرێت_لە ماڵ، لە کار، هەرجێیەک_

دەنگت بەهێزترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسەی کە مافەکانی پێشێلکردوویت. بەمشێوەیەیە کە دەنگەکانی ژنان کاریگەری زیاتریان هەیە لە جوڵانەوەی فێمینیستیدا. بەڵام لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکاندا، ڕەنگە دەنگی باوک دووەم کەرەستەی زۆر گرنگ بێت بۆ گۆڕانکاری. ساتی گەورەمان بینی لە مێژوودا، لە داواکردنی مافەکانی ژنان بۆ دەنگدان، تا #MeToo، وە ئەو ڕێکخراوە جیهانی و ناوخۆییانەی، کە کار بۆ یەکسانی لە نێوان دوو ڕەگەزەکەدا و مافەکانی کچان و ژنان دەکەن. بەڵام لە کۆمەڵگا باوکسالارییەکاندا_کە تەنانەت لە زۆر لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشدا هەیە_، یەک پلاتفۆڕم، یەک ڕێکخراو هەیە، جیهانی: خێزان. کاتێک باوک دەستدەکات بە گەشتی فێمینیستبوون، بڕوای بە نرخی کچەکانی هەیە، دەتوانێت داهاتووی هەموو خێزانەکەی بگۆڕێت. دڵنیانیم لەو هۆکارەی کە وایلێکردم دەستبکەم بەم گەشتەم، لە کاتێکدا پیاوانی دیکە ئەو کلتوورانە قبوڵدەکەن کە لە چەندین سەدە پێش ئێستاوە بۆیان گوێزراوەتەوە. ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ترساندنم لە منداڵیمدا، بەهۆی پێستی تاریکمەوە، بۆیە زۆر توڕەبووم لە هەر جۆرە جیاکردنەوەیەک دژی هەرکەسێک بەهۆی ئەو شێوەیەی کە پێوەی لەدایکبووە.

بەڵام دڵنیام لە یەک شت: باوکسالاری تەنها گەمژایەتییە. باوکان قازانجێکی زۆر دەکەن بە پوچەڵکردنەوەی. وە ئێمەش دەبێت یارمەتییان بدەین بۆ کردنی ئەوە. ژیان لەناو سیستەمی باوکسالاریدا ژیانێکی غەمگینە بۆ هەمووان. خێزانگەلێکی پاکستانم دیوە کە باوک و دایک و کوڕێک و پێنج شەش کچ بوونە. بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان، باوک و کوڕەکە دەچنە دەرەوە بۆ دەستخستنی بژێوی هەموو خێزانەکە، هەموو ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانیان، لەکاتێکدا هەموو کچەکان لەماڵەوە دەمێننەوە، وە نایاننێرن بۆ قوتابخانە، وە ناتوانن کار بکەن، تەنها لە چاوەڕێی هاوسەرگیریدان. پیاو ژیانی لەبەر ڕێسایەکی گەمژە لەناودەبات، وە تواناکانی کچان نابینێت. تەنانەت لە وڵاتانی وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کە تیایدا کچان دەخوێنن و زۆرجار هەمان هەلی کوڕانیان بۆ دەڕەخسێت، کەیسەکانی وەک نایەکسانی کرێ و دەستدرێژی سێکسی و ڕقلێبوونەوە لە ژنان بەردەوامە لە زیان گەیاندن بە کچان و ژیانی تایبەتییان. غەمگینی غەمگینی بەرهەمدەهێنێت. ئەو باوکانەی کە یارمەتیدەرن بۆ دەرخستنی توانای کچەکانیان و پشتگیری مافەکانیان دەکەن و بڕوایان بە تواناکانیان هەیە، ئاسودەیی و دڵخۆشی بۆ هەموو خێزانەکەیان دەهێنن.

لەهەموو جیهاندا، بەپێی ئامارەکانی سندوقی مەلالە و بانکی نێودەوڵەتی، ئەگەر فێربوونێکی بەخۆڕایی باشمان بۆماوەی ۲۱ ساڵ پێشکەش بە کچانی جیهان کرد، ئەوا ١٥ بۆ ۳۰ ترلیۆن دۆلار دەخەینە سەر ئابووری جیهان. ئەوە بەڕاستی سەرکەوتنە، سەرکەوتن. ئەم بیانووانە بەهێزن، وە بیانووەکانی تایبەت بە باوکسالاری لاوازن. ئەوە هۆکاری ئەوە بوو کە تاڵیبان تەقەی لە مەلالە کرد ساڵی ۲۰۱۲ کاتێک من و ئەو کەمپینێکمان درووستکرد دژی ڕێگریکردن لە خوێندنی کچان. زانییان کە کچێکی خاوەن دەنگ دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورەتر بکات وەک لە چەک و بۆمبەکانی ئەوان. هێرشەکە خراپترین شت بوو کە دەکرێت بەسەر خێزانێکدا بێت و شۆکێک بوو. مەلالە تەنها کچم نییە، هاوڕێمە، جانێ واتە هاوڕێ بەزمانی ئوردۆ، ئەوە ناوێکی بەناوبانگە. بینینی لە سەرەمەرگدا و لەنێوان ژیان و مردندا شتێکی یەکجار خراپ بوو،

بەڵام کارینەکرد بە پابەندبوونمان بە یەکسانییەوە. هەرشتێک بێت، وایلێکردین زیاتر بڕوامان بەوە هەبێت کە شەڕەکەمان بەنرخە. ئێستا، لەکاتێکدا کە مەلالە بەبێ من لە هەموو جیهاندا کەمپین دەکات و لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەخوێنێت، زۆر بیریدەکەم. لە هەفتەی یەکەمدا سەیرێکی ژوورەکەیم کرد و هەندێک فرمێسکم ڕشت بۆ بوونی لەوێ و ڕادەی سەربەخۆییەکەی. بەڵام لە دڵمدا، زۆر دڵخۆش بووم بەبینینی کە بە ئازادی و بڕوابەخۆبوونەوە بە هەموو جیهاندا دەگەڕێت، وە چیتر پێویستی بەمن نییە بۆ ئاگاداربوونی. پێویستە باوکان حەزبکەن منداڵەکانیان لە زووترین کاتدا سەربەخۆ ببن. لەناو خێزانەکەمدا، کۆتەکانی باوکسالاریمان شکاند. بۆیە، هەموومان_نەک تەنها مەلالە و هاوسەرەکەم، بەڵکو من و کوڕەکانیشم_ ئازادین.