زیاتر لەملیارێك دینار دابەشدەكرێت

ئابوری 19/09/2019


چاودێر
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی بۆ كەمئەندامان دەركرد.
بەپێی نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بڕیار درا بە خەرجكردنی بڕی یەك ملیار و 704 ملیۆن و 300 هەزار دینار وەك مووچەی كەمئەندامان كە دووبارە لەلیژنەكانی پشكنینەوە دەرچوونە.
لەنووسراوەكەدا ئاشكراكراوە، خەرجكردنی مووچەكە بۆ مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018 یە بۆ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و یەكە ئیدارییەكان، هەروەها لەو پارەیە خەرج دەكرێت بەپێی ڕێنوێنییەكان و پێویستە كەسی شایستە بەمەرجی پەسەندی وەزارەتەكانی هەبێت.
شایەنی باسە، لەماوەی هەشت مانگی رابردوودا، مووچەی كەمئەندامان كە ژمارەیان لە13 هەزار كەس زیاتر بوو وەستابوو، دواتر دووبارە پشكنینیان بۆ كرایەوە، 13 هەزار كەمئەندام بە شایستە زانران و بەمەش كۆی گشتی كەمئەندامان بوو بە 94 هەزار كەمئەندام.