چۆن دەزانیت منداڵەكەت شەقیقەی سكی هەیە؟ نیشانەكانی بزانە

تەندروستی 18/09/2019



 چاودێر: تابان ڕەزا
شەقیقەی سك یەكێكە لەنەخۆشییە دیارەكانی نێو منداڵان، كە لەشێوەی ژانە سكی بەهێزو  كتوپڕ  كە دەوری ناوك یان هەموو سك دەگرێتەوە، ئەمەش منداڵ  دووچاری  ناڕەحەتی  و بێزاری دەكاتەوە، یەكێك لەنیشانەكانی ئەم نەخۆشییە منداڵ ئارەزووی خواردنی نامێنێت، پزیشكێكی پسپۆڕ لەو بارەیەوە دەڵَێت" ئەگەری هەیە ئەم نەخۆشییە لەكاتی گەورەبوندا لەشەقیقەی سكەوە بێتە شەقیقەی سەر"

 شەقیقەی سك چییە؟
د. تیشك محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشی منداڵ و كۆرپە،دەڵێت" شەقیقەی سك  نەخۆشییەكە بەزۆری  لە منداڵی تەمەن  پێنج بۆ نۆ ساڵیدا  ڕوودەدات كە لەشێوەی ژانەسكی  بەهێزو كتوپڕ كەدەوری ناوك یان هەموو سك  دەگرێتەوە"
نیشانەكانی نەخۆشیەكە
 ئە و پسپۆڕە، ئاماژەبەوەدەكات،   لەكاتی هەست كردن بەنەخۆشیەكە  منداڵەكە  ئارەزوی خواردنی نامنێت  لەگەڵ  دڵ تێكهەڵهاتن و ڕشانەوە و بێزاربون و بەڕووناكی سپی هەڵگەڕانی  پێست ، ئەم نیشانانە كاتژمێرێك بۆ چەند رۆژێك دەخایەنێت و پاش تێپەڕبونی  ئەم ماوەیە منداڵەكە ئاسایی دەبێتەوە و بەجۆرێك هەروەك ئەوەی نەخۆش نەبوبێت.
ئەوەشی ووت، نیشانەكان بەشێوەیەكی ناو بەناو  دووبارە دەبێتەوە( چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێگ جارێك ڕوودەدات) بەتایبەت لە كاتی گەشتكردن و تێكچونی  خەو  و ماندوبوون.
د. تیشك محەمەد،باس لەوەدەكات،  رێژەیەكی زۆری ئەو منداڵانەی كە شەقیقەی سكیان هەیە لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا ژانە سكەكەیان دەگۆڕێت بۆ شەقیقەی  سەر بەتایبەتی ئەگەر ئەندامانی تری خێزانەكەی  شەقیقەی سەریان هەبێت. 
چارەسەرەكان
ئەو پزیشكە لەبارەی چارەسەرەكانەوە، رونیدەكاتەوە، پێویستە دەستبەجێ  ئازار شكێنەكانی بۆ بەكاربهێنرێت و  هەندێ جارش پێویستە منداڵەكە لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە بەتایبەتی لە كاتی ڕشانەوەی زۆردا، هەروەها رێگری لە زۆر دووبارە بونەوە بكرێت  خەوێكی  تەندروست و پشودان بەكارهێنانی  دەرمان كە بەپێی تەمەتی منداڵەكە لە لایەن پزیشكەوە دیاری دەكرێت هەمان ئەو دەرمانانەن كە بۆ ڕێگری لەشەقیقەی ژانەسەر بەكاردێت.