بۆرخێس و شێخ عەبدولقادری گەیلانی

ڕەخنەی چاودێر 15/09/2019

فریشتەی گریان
خۆرخێ لویس بۆرخێس
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە



ئیمانۆئێل سۆدێنبێرگ «١٧٧٢-١٦٨٨» فەیلەسووف و عارفی سویدیی سەدەی هەژدەیەم، لە کتێبی شایستەی «بەهەشت و دۆزەخ»ـدا- کە جۆرێک ئینسایکلۆپیدیای فریشتانە- دەنووسێت: «زۆر جار لە خۆمم پرسیوە فریشتەکانیش دەگریەن؟ بە چی دەگریەن؟ گەرچی بۆ ئەمانە و زۆرێکی تر لە پرسیارەکان وەڵامێکم پێ نییە، بەڵام وای بۆ دەچم گریانی فریشتەکان فرمێسکی شەوقە لە دیداری خوداوەند. فریشتەی پاسەوانی ئینسان لە خەمی ئەو، خەمگین دەبێت. دەربڕینی "خەمگین هەروەک فریشتەکان- Sad as Angels" لە زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی (و لەوانەیشە زمانانی دیکە)ـدا بووبێتە جۆرێک لە پەند.»


لە جۆن میڵتنی دەگێڕنەوە کە گوتی: «ئەگەر ئینسانێکی ساڵح گوناح بکات، فریشتەکان دەست دەکەن بە گریان.» فڕانسیس بیکۆن دەیگوت ئەگەر فریشتەیەک توانای گریانی لە دەست بدات و غروور و قودرەت گەمارۆی بدەن، سقوط دەکات و بە مەرتەبەی فریشتەی مطرود دەگات. تەنێ بە عەشق و ئیثارە کە بەشەر و مەلائیک بە سەلامەت ژیان بەسەر دەبەن.


لە چیرۆکێکی عەوامانەی ئایرلەندیدا بە ناوی «فریشتەی گریان» دەخوێنینەوە پیاوێک لە سارایەکدا دەچوو. ڕۆژێکی هەورین و ئاسمان تار بوو. هەورەکان لە ئاسماندا لە لایەکەوە دەچوونە لایەکی دیکە. پیاوەکە وەستا، ڕوانییە ئاسمان، هەورێکی نیشانی ڕێبوارێک دا و گوتی: «بینیت؟ فریشتەیەک بوو.»

ڕێبوارەکە پێ کەنی و گوتی: «عەقڵت لە دەست داوە کاکە؟ هەور بوو.»


پیاوەکە بینی فریشتەکە دەستی بە گریان کرد. بارانێک توند دای کرد.


ڕاوی دەڵێت: «چەندە جوانە هەورێکی سەرگەردان وەک-فریشتە-بینین. هاوار لە تۆ ئەگەر هەورێک کە فریشتەیە تەنیا وەک هەور ببینی!»
فریشتەکانی گریان تائیفەیەکن لە کۆنترین مەلائیک، کە باڵدارن و مرۆنوێنن (بە گشتی وەک ژن دەردەکەون.) پێیان دەڵێن گریان چونکە زۆربەی کاتەکان دەستیان دەخەنە سەر ڕووخساریان (وەک بڵێی خەریکن دەگریەن) بۆ ئەوەی نەبینرێن. ئەوان پێیان وایە ئەگەر کەسێک ڕووخساریان ببینێت تا ئەبەد دەبنە بەرد. سەرڕای ئەم هەموو تەدابیرە ئەم مەلائیکەی خوداوەند ڕووخساری بەردینیان هەیە. تا پیر ببن ڕووخساریشیان دادەڕزێت. ڕێک وەک بەردێک کە بڕزێت، وردوخاش بێت و داڕژ‌ێت. ئەم مەلائیکە نەختەنەختە باڵەکانیان لە دەست دەدەن و دەکەون. توانای فڕینیشیان کەم دەبێتەوە، بەڵام هەمیشە (بێهوودە!) ڕووخساریان دادەپۆشن و گریاو دەمێننەوە.


شێخ عەبدولقادری گەیلانی، لە کتێبی «الغنیة الطالبی- بەرگی دوو، لاپەڕە ٦٢»ـدا ئەم ڕیوایەتە نامۆیە دەربارەی گریانی فریشتەکان نەقڵ دەکات:
«پاش شەهادەتی حوسەین کوڕی عەلی، حەفتا هەزار فریشتە لەسەر مەزارەکەی خڕ بوونەوە و بۆ مەرگی ئەو گریان. ئەوان هێشتایش دەگریەن و شینەکەیان تا قیامەت بەردەوامە.»