دوورەدەست نیشتیمانی منە

ڕەخنەی چاودێر 13/09/2019

ئەدۆنیس
وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

 

 

 

دەستپێکی ڕۆژ منم و دوایین کەسێکیش کە دەگات- ڕووخسارم دەنێمە سەر دەرچەی برووسکە و بە خەون دەڵێم نانم بە. پەپوولەکان چەشنی ئاڵا هەڵدەکەم و ناوەکانمی لەسەر دەنووسم.
درەختێک ناوی بەویدی دەکات و بەرەو لام دێت، بەردێک لە دەنگمدا دەبێتە جەستە، دەشتێک گەڵاکان لە بەر دەکات- ئەمانە جەنگاوەرەکانم و سەوزایی؛ چەکمە.
ڕووخسارم لەسەر با و بەرد هەڵدەکۆڵم، ڕووخسارم لەسەر ئاو هەڵدەکۆڵم، لە ئاسۆدا ماڵم هەیە و لەسەر تەوێڵم دەمامکێک لە شەپۆل.
بەرەو دوورەدەست بە ڕێ دەکەوم و لە دوورەدەستدا دەمێنێتەوە، بەم جۆرەیە کە ناگەم، بەڵام ڕووناک دەبمەوە. من دوورەدەستم و دوورەدەست نیشتیمانی منە.
نیشتیمانێک دەئافرێنم دۆست وەکوو فرمێسک.
ئەوان کە لە پێستی جیهاندا مین دەچێنن، ئەو پشکۆئاسا کەیلانە، ئەوان کە لەگەڵ ئاسۆدا هاوسنوورن، ئەوان کە ئاسۆ بە زۆر دەگرن و وەها لێی دەدەن کە خوێناوی ببێت، ئەوان سێبەرنشینی پەپوولەکانن- ئەوان کە ناوەکانم لەوان دەنێم، ڕاکەر منم و خودایان حەسارێک لە دەورم؛ دەیانڕفێنم و هێرشیان بۆ دەبەم و کاتێک دەستیان لێوە دەدەم لە بەر ماتەمینییەکان دەستەوانە لە دەست دەکەم، منێک کە لە سەدەفەکانی خەوندا ماڵم هەیە، کە مرۆڤی دەروون ڕادەگەیەنم- (بڕوانە پشتەسەر ئۆرفیوس، فێر بە لە جیهاندا چۆن هەنگاو هەڵێنی)
تۆفانی خامۆشی ڕادەگەیەنم
سیفری خولقان ڕادەگەیەنم.
لەگەڵ ئەشکەوتەکاندا دەکەومە گوتوبێژ، کێوەکان دەکەم بە پەیڤ و چاڵەکان بە مۆسیقا، لەگەڵ ئاسمان سەما دەکەم و دڵتەنگییەکانم بۆ زەوی بە بەرد دەسپێرم، بۆ ڕۆژەکانم نوشتە دەنووسم و کاتپێو دەشکێنم، ئەندامەکانم ڕۆ دەکەمە مەوداکان و ڕێگە دەدەم قوڵینگەکان ڕێنوێنیم بکەن.