کێبڕکێ لەسەر پۆستی ڕێکخەری گشتی ناکۆکییەکانی گۆڕان قووڵتر دەکاتەوە

کوردستان 11/09/2019

چاودێر

 

کێبڕکێکان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ڕێکخەری گشتیی گۆڕان کە بڕیارە ١٤ی ئەیلوول هەڵبژاردنی بۆ بکرێت، کێشە ناوخۆییەکانی ناو ئەو حزبەی زیاتر کردووە و بە پێی زانیارییەکانی "چاودێر"یش عومەری سەید عەلی خۆی کاندید دەکاتەوە.

 

بە پێێ زانیارییەکانی "چاودێر"، هەریەکە لە ڕەئوف عوسمان، جەمال محەمەد، جەلال جەوهەر و عومەری سەید عەلی خۆیان بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتیی گۆڕان کاندید کردووە و ئەوەش ناکۆکیی ناو گۆڕانی زیاتر کردووە، بە تایبەت کە هیچ گەنجێک لە لیستی کاندیدەکاندا نابیندرێت و ناوی هیچ کام لەو بەرەیەی کە بە ناڕازییەکانی گۆڕان ناویان دەرکردووە ئامادەییان نییە.

 

"چاودێر" ئەوەی زانیوە بە هۆی پشتگیریکردنی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە لە عومەری سەید عەلی، چانسی ئەو کاندیدە لەوانی تر بەهێزترە.

 

لە دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی، دوێنێ سێشەممە، حەوت ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان دەستیان لە کار کێشایەوە و ڕایانگەیاند: بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی پێویستە جڤاتی نیشتیمانی هەڵببژێردرێتەوە دوای ئەوە ئەو هەڵبژاردنانەی تر بکرێن، چونکە لە دەستووری ناوخۆی گۆڕاندا هاتووە جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان بۆی هەیە تەنها یەک جار خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی هەڵببژێرێت و دوای ئەوە هەڵبژاردنی بۆ جڤاتی نیشتیمانی بکرێت و خولی نوێ دەورەی تری خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی هەڵبژێرێتەوە.