چ كاتێك ڕشانەوەی منداڵەكەت مەترسیدار دەبێت؟

تەندروستی 01/09/2019


چاودێر: تابان رەزا
ڕشاندنەوەی منداڵ یەكێكە لەباوترین ئەو حاڵەتانەی كەتوشی منداڵ دەبێت لەسەرەتای تەمەنیدا، دوو هۆكاری سەرەكی هەیە بۆ توشبون بەم حاڵەتە ئەویش هۆكارە هەناوییەكانە لەگەڵ نەشتەرگەرییەكان،  لەو بارەیەوە پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت " ڕشانەوەكە بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت و  خوێنی لەگەڵدا بێت مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵەكە هەیە"

هۆكارەكانی ڕشاندنەوەی منداڵ
د.كارزان كازم، پسپۆڕی نەشتەرگەری منداڵان،ئاماژەبەوەدەكات،  ڕشاندنەوەی منداڵ  یەكێكە لە دیارترین ئەو حاڵەتانەی  ڕووبەڕوی منداڵ دەبێتەوە، فرە هۆكارەو پێویستی  بە هەڵسەنگاندن و  دەستنیشانكردنی  خێرایە تا ماك و  زیانەكانی لەسەر منداڵەكە كەم بكاتەوە  و دڵەڕاوكێ  پەشۆكی خانەوادەكەش برەوێنرێتەوە.
هۆكارەكەی    دەكرێت بەدوو بەشەوە
یەكەمیان حاڵەتە هەناوییەكان: 

1.ڕشاندنەوەی  منداڵی تازە لەدایك بو، كە ئەمە حاڵەتێكی ئاسایە زۆربەی منداڵ لەسەرەتای  ژیانی كەمێك رشاندنەوەی  دەبێت، بەڵام زۆر نیە و تەندروستی منداڵەكە تێك نادات.
2.كێشەی شیر خواردن ، وەك نەگونجانی جۆری شیر و زیاد خواردن و هەڵە لە شێوازی پێدانی شیر.
3. گەڕانەوە،  بە هۆشی شل  بون و ناكامی  دەرەچەی سورێنچك  رودەدات. 
4.هەوكردنی گەدە  و بونی میكرۆبی  گەدە.
5.  ژەهراوی بونی خواردن. 
6.هەوكردنی رێروی میزەڕۆ و ڕیخۆڵەكان.
7.هەوكردنی  گەروو گوێی ناوەوە.
8. هەوكردنی  پەردەكانی دەمار.
9. هەندێ نەخۆشی میتابۆلیكی  ڕژێنەكان.
دووەم هۆكارە نەشتەرگەرییەكان
1.تەسكبونی دەریاچەی گەدە.
2.هەموو حاڵەتە كتوپڕەكانی سك وەك ریخۆڵە كوێرە و هەوكردن و تەقینی هەر ئەندامێكی سك.
3.تێك ئاڵانی ریخۆڵە.
4.گیرانی فتق.
كەی ڕشاندنەوە  بە گرنگ و مەترسیدار دادەنرێت؟
ئەو پزیشكە پسیپۆڕە، باس لەوەدەكات، ئەم نەخۆشیە ئەوكاتە  مەترسیدار دەبێت كە
1.بەردەوا بێت 
2. زەرد یان سەوز بێت 
3.فرێ بدات بۆ دوور  یان  لە لوتیەوە بێت
4. خوێنی لەگەڵ بێت
5. وشكبونەوە و  دابەزینی كێشی منداڵەكەی لەگەڵ بێت
6. كاربگاتە سەر جوڵەوو چالاكی منداڵەكە.

دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشەیەكە
د. كارزان كازم، دەڵێت" پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت و دەستپێك و گەشكردنی حاڵەتەكەی بۆ باسبكرێت، ئەو كات  پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەگەر پێویستیكرد وێنەی تیشكی  بۆ دەگیرێت، خەواندنی نەخۆش بەپەلە ئەگەر كتو پڕ بوو"
 كاریگەری و ماكەكانی 
 ناوبراو وتیشی، ماكەكانی نەخۆشیەكە بریتیە لە  وشكبونەوەو كەمبونی خوێیەكانی لەش، دابەزینی كێشی لەش و دواكەوتنی گەشە گەر بەردەوام  بێت، هەندێ حاڵەتی نەخوازراو  وەك گەشكە،لەوانەیە هەندێ جار  نیشانەی حاڵەتێكی لەناكاو بێت  ئەگەر بەپەلە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت مەترسی  لەسەر ژیانی منداڵەكە دروست بكات.