پلاتفۆرمی چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ د.عادل باخەوان: پرۆژەكەی (دابڕان) دەرگای جیهان بەڕوی توێژەرانی كورددا دەكاتەوە

کوردستان 04/08/2016

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردودا،پلاتفۆرمی دابڕان بە هاوبەشی لەگەڵ خانەی زانستە مرۆڤایەتییەكانی پاریس و فاوەندەیشنی كارینگی ئەمریكیدا، پرۆژەیەكی نێودەوڵەتی دورمەودایان لەبارەی تیرۆر و جیهادگەرایی و سەلەفیەتگەرایی و رەهەندە جیاوازەكانییەوە دەستپێكرد، د.عادل باخەوان نوێنەری (دابڕان) لەو پرۆژەیەدا وەردەكاریی و زانیارییەكانی پرۆژەكەی بۆ (دوڕیان) خستەڕو و دواتریش لە دیمانەیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، وەڵامی چەند پرسیارێك لەوبارەیەوە دەداتەوە.

لەو دیمانەیەدا، د.عادل باخەوان سەرپەرشتیاری بازنەكانی ئەوروپای "پلاتفۆرمی دابڕان"، باس لە (پلاتفۆرمی چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ) دەكات كە پلاتفۆرمێكی نێودەوڵەتییە لەبارەی تیرۆر و جیهادگەرایی و سەلەفیەتگەرایی و رەهەندە جیاوازەكانی. پلاتفۆرمەكە سەرەتای ئەم مانگە بە بەشداری 200 توێژەر دەستیپێكرد و بڕیارە ماوەی دوو ساڵ بخایەنێت. لەوبارەیەوە د.عادل باخەوان دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە مانگی یەكی ساڵی داهاتو لە پاریس و دووەم كۆنفرانسی لە واشنتۆن و سێیەم لە سلێمانی و چوارەم لە بەیروت دەبەستێت و دەرفەتێكی گەورەیە بۆ هەمو ئەو توێژەرە كوردانەی كە دەیانەوێت بڕۆنە نێو تۆڕە جیهانیەكانی توێژینەوەی ئەكادیمیەوە. ئەم دەرفەتە بۆ هەموو توێژەرانی كوردە، بەبێ جیاوازی ئاین و ئایدۆلۆژیا وحیزب و جوگرافیا.

لەو دیدارەدا لەگەڵ بەرنامەی رەهەندەكان لە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، نوسەر و كۆمەڵناس دكتۆر عادل باخەوان دەڵێت: "پلاتفۆرمی چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ سێ فاوەندەیشنی جیاواز كاریان گرتۆتە ئەستۆ و دەیبەن بەڕێوە و لەسەر ئاستی دارایی پشتیوانی دەكەن، یەكەمیان فاوندەیشنی كارینگیی ئەمریكاییە كە زیاتر بە 700.000$ بەشداری تیادا دەكەن، كە یەكێكە لە فاوندەیشنە گەورەكانی ئەمریكا لەبواری زانستە كۆمەڵایەتییەكان و زانستە مرۆییەكان كە بەشداری زۆر زۆر گەورەی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها فاوەندەیشنی خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس لەگەڵ فاوەندەیشنی دابڕان. سەرۆكی ئەنجومەنەكە كە پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤۆریكایە و ئەندامەكانیش لە كەسانی ئەكادیمی سێ فاوەندەیشنەكەن كە دووانیان لە كارینگی، دووانیان لەخانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس و یەكێكیش لە پلاتفۆرمی دابڕان كە من دەیبەم بەڕێوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە پلاتفۆرمەكە بریتییە لە چی؟ عادل باخەوان دەڵێت: "پلاتفۆرمی چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ بڕیارە 200 توێژەر بەشداری تیادا بكەن. كە سەر بە دیسپلینی جیاوزن، واتە هەمویان سۆسۆلۆگ نین، ئەنترۆپۆلۆگ نین، هەمویان فەیلەسوف نین، هەمویان ئیسلامۆگ نین، چەندین زمانی جیاواز، چەندین نەتەوەی جیاواز، چەندین تەمەنی جیاواز و وڵاتی جیاواز و كولتوری جیاواز بەشداری تیادا دەكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە زۆرترین بەرهەمی زانستی لەناو ئەو پلاتفۆرمە بەرهەمبێت".

سەبارەت بە ماوەی پلاتفۆرمەكە، د.عادل باخەوان ئاشكرایكرد: "دوو ساڵ دەخایەنێت كە لە 1/7/2016 ـەوە پڕۆژەكە دەستپێدەكات تا 1/7/2018 و لەو ماوەیەشدا چوار كۆنفرانسی گەورە ئەنجامدەدات. كۆنفرانسی یەكەم لەپاریس دەبێت، كە مانگی یەكە. كۆنفرانسی دووەم لەواشنتۆن دەكرێت، كۆنفرانسی سێیەم لە سلێمانی دەكرێت، كۆنفرانسی كۆتاییش لە بەیروت دەكرێت."

هەروەها دەشڵێت: "هێنانی 200 توێژەر بۆ سلێمانی لەسەر ئاستی جیهان دەسكەوتێكی زۆر گەورەیە، بەشداریكردنی 7 تا 25 توێژەری كورد لەچوار كۆفرانس لە پاریس، لە واشنتۆن، لە بەیروت، لە كوردستان دەرگایەكی ترە لەسەر توێژەری كورد دەكرێتەوە، بەداخەوە توێژەری ئێمە تا ئێستا بەشێوەیەكی گشتی لەئاستی لۆكاڵدا ئیشدەكات، ئەم پرۆژەیە دەرگای گلۆباڵی بۆ دەكاتەوە".