ناڤاس داوای رۆیشتن دەكات لە یانەی ریاڵمەدرید

وەرزش 22/08/2019

رۆژنامەی ماركای ئیسپانی نزیك لە یانەی ریاڵمەدرید رایگەیاند، كیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی یانە ئیسپانیەكە داوای دەسبەرداربونی لەیانەكەی كردوە، رۆژنامەكە لەپێگەی ئەلیكترۆنی خۆی رونیكردۆتەوە، بەرپرسانی یانەكە ئاگاداری ئەوەن كە ناڤاس خوازیارە یانەكە جێبهێڵێت.
ماركا دەڵێت، لە ئێستادا ئیدارەی یانەكە بەشوێن جێگرەوەیەك دەگەڕێن، بۆ یەك وەرزو بەتایبەتی گۆڵپاریزَێكی خاوەنی ئەزمونی زۆر بێت تا گەڕانەوەی گۆڵپارێزی یانەكەیان ئاندری لۆنین، كە بە خواستن یاری بۆ یانەی بەلەدوەلیدی ئیسپانی دەكات.
دوای رۆیشتنی بۆفۆن گۆڵپارێزی ئیتالی بۆ یانەی یۆڤانتۆس ناڤاسی گۆڵپارێز لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەڵام لیوناردۆی بەرێوەبەری وەرزشی یانە فەڕەنسیەكە پێی باشترە لەگەڵ دونارۆمای گۆڵپارێزی یانەی میلان گرێبەست ئەنجام بدات.