دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان و خانەنشینان راگەیەندرا

ئابوری 22/08/2019


چاودێر – تایبەت
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئابی 2019، بڕە پارەی مووچە لەبەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و تا كۆتایی هەفتەی داهاتووش، دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری رابردووی ئەمساڵ كۆتایی دێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە، تایبەت دراونەتە (چاودێر)، ئاماژە بەوەكراوە: دوای نیگەرانی زۆری مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، فشارێكی زۆر لەسەر هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم دروستكراوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی دوێنێ‌ لەلایەن فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، واژو لەسەر ناردنی بڕە پارەى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە.
لەزانیارییەكانی (چاودێر)دا، ئەوەش هاتووە، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە بڕەكەی 454 ملیار دینارە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و بەو هۆیەشەوە لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە، دابەشكردنی مووچە خێراتر دەكرێت و تا كۆتایی هەفتەی داهاتووش، دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری رابردووی ئەمساڵى سەرجەم وەزارەتەكان و خانەنشینان تەواو دەبێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاند، هەر 30 رۆژ جارێك مووچەیەك دابەشدەكرێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە، دابەشكردنی مووچە، بۆ 40 رۆژ نزیك دەبێتەوە و دوای نیگەرانی مووچە خۆرانی هەرێم، پاشان دابەشكردنەكەی خێرا دەكرێت.