پرسی شوتی پێنجوێن یەكلاكرایەوە

کوردستان 22/08/2019


چاودێر
بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەلایەن هاووڵاتییەكەوە، لەناو یەكێك لەكێڵەگەكانی شووتی لەگوندی "كانی هەرمێ"ی سنووری ناحیەی گەرمكی سەر بەپێنجوێن، هەڵایەكی گەورەی دروستكرد و بەوتەی قائیمقامی پێنجوێن، ئەو كەسەی ڤیدیۆكەی تۆماركردووە خەڵكی دوكانە و ناسراوەتەوە و دەیدەن بە دادگا.
لەوبارەیەوە، زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن، بە(چاودێر)ی راگەیاند، دوای ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوكرایەوە لەلایەن هاووڵاتییەكەوە كە كارمەندی گومرگی مەرزی سەیرانبەن و خەڵكی قەزای دوكان بوو، داوامان كرد بە پەلە لیژنەیەكی پسپۆڕی زانستی سەردانی سنوورەكە بكەن، ئەوەبوو لیژنەیەكی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانییەوە هاتنە پێنجوێن، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە سنوورەكە، بەتایبەتی بەرهەمی شووتی و تەماتە.
وتیشی "دوای ئەو گرتە ڤیدۆییەی پڕوپاگەندەی كرد و بەروبوومی پێنجوێنی خستە ژێر پرسیارەوە، لیژنە زانستییەكە پشكنینی كرد و ئەنجامەكان ئەوەی خستەڕوو كە بەرهەمی كشتوكاڵی پێنجوێن، بەرهەمێكی بە كوالێتییە و ئەو پڕوپاگەندانەی كراون تەنیا بۆ لێدانە لە بەرهەمی ناوخۆ". 
روونیشیكرەوە، "بۆیە ئەو كەسانە رووبەڕووی یاسا دەكەینەوە و دەیاندەینە دادگا بەهۆی ئەوەی تۆمەتیان ئاراستەی بەروبوومی ناوخۆیی شارەكەمان كردبوو".