روونكردنەوە لەبارەی دیاردەیەكی دزێو دەدرێت

ئابوری 22/08/2019



چاودێر
بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، سەبارەت بەرێگەدان بەچەند بازرگان و شۆفێران تا بێ هیچ رسومات و گومرگێك كەلوپەل هاوردەی پێنجوێن بكەن، ئاشكرایكرد،  بەداخەوە ڕۆژانە بەشێك لەو شۆفێر و بازرگانانە لەچاوچنۆكی خۆیانەوە ئەم هەلەیان دەقۆستەوە و بەناوی بازاڕی پێنجوێنەوە كەلوپەلەكانیان دەربازدەكرد و ڕاستەوخۆ دەیانگەیاندە بازاڕەكانی شارەكانی ترەوە و بەهیچ شێوەیەك سودی بەبازاڕی پێنجوێن نەدەگەیاند.

 
بەپێی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە (چاودێر)، هاتووە"وەك ئاگادارن ماوەی چەند ساڵێكە لەژێر ڕۆشنایی و داوای قائیمقامی پێنجوێن و بەشێك لەخەڵكی پێنجوێن، وەك كارئاسانی و هاوكارییەك بە دانیشتوانی قەزای پێنجوێن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە ڕێگەپێدان و كارئاسانی بۆ بەشێك لەشۆفێران و بازرگانانی سنوری پێنجوێن كراوە، كە بتوانن خواردەمەنی و سوتەمەنی و كەلوپەل و پێداویستی ڕۆژانە بەبێ هیچ ڕسومات و گومرگێك لەئێرانەوە هاوردە بكەن، بەئامانجی خستنە بازاڕی پێنجوێن بۆ بەرژەوەندی و سودگەیاندن بە هاوڵاتیانی پێنجوێن".


ئاماژە بەوەشكراوە: ئەوەی جێگەی داخە ڕۆژانە بەشێك لەو شۆفێر و بازرگانانە لەچاوچنۆكی خۆیانەوە ئەم هەلەیان دەقۆستەوەو بەناوی بازاڕی پێنجوێنەوە كەلوپەلەكانیان دەرباز دەكرد و ڕاستەوخۆ دەیانگەیاندە بازاڕەكانی شارەكانی ترەوە و بەهیچ شێوەیەك سودی بەبازاڕی پێنجوێن نەدەگەیاند. 


بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، ئەوەشی خسۆتەڕوو،" ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبووینەوە و ڕێگریمان لێدەكردن، چونكە دەمانزانی بۆ كوێ دەچن، بەڵام لەچەندین ڕێگەی جیاوازەوە، تۆمەتیان بڵاودەكردەوە، گوایە ئێمە ڕێگری دەكەین كاسبكارانی پێنجوێن و خەڵكەكەی بەگشتی سود لەدەروازەی باشماخ ببینن".


لەراگەیاندراوەكەدا، روونیشیكراوەتەوە،"لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە كردومانە تەنها و تەنها بۆ ڕێگری بوو لەداخڵ بوونی خواردەمەنی و كاڵای خراپ و تەنانەت كاری قاچاخچێتی بەناوی خەڵكی پێنجوێنەوە بۆ ئەمەش ڕۆژانە ئیجرائاتمان لەگەڵ چەندین شۆفێر و قاچاخچی كردووە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە بپرسین كە ئایا قائیمقامی پێنجوێن بەتایبەتی و خەڵكی پێنجوێن، بەگشتی سەرەڕای داواكارییان بۆ كارئاسانی و ڕێگەپێدان بۆیان، ڕۆژانە چاودێری یان نەدەكردن، خەڵكە دڵسۆزەكەی پێنجوێن، ئایا لەو ماوە درێژەدا كە دەبوو كاریگەری هەبێ لەسەر دابەزاندنی نرخ لەبازاڕی پێنجوێندا، هیچ دركتان بەوەكردووە كە كاریگەری ئەوتۆی هەبووبێت.


لەكۆتایشدا ئەوەباسكراوە: بۆیە بەداخەوە لەبری ئەوەی تۆمەتی ناڕاست بۆ ئێمە دروستبكەن دەبوو چاوێكیان لەسەر دەروازەی چوونە دەرەوەی پێنجوێن بەئاڕاستەی شارەكانی تری هەرێم بوایە كە بۆچی خواردەمەنی و كەلوپەلێك بەناوی پێنجوێنەوە داخڵ بووە لەپێنجوێن لانادا، دەبێ بپرسن و بگەڕێن لەژێر خواردەمەنییەوە كەلوپەلی قەدەغەكراو دەشاردرێتەوە چ ئامانجێكی لەپشتەوەیە.


جەخت لەوەشكراوەتەوە: ئەوەی ئێمە دەستمان پێكردووە هەرگیز دەستبەرداری نابین چونكە تەنها و تەنها ئامانجمان خزمەت گەیاندنە بەهەموولایەك و بڕینی دەستی دز و قاچاخچی و بازرگان و شۆفێری چاوچنۆكە لەناو دەروازەی باشماخ و تازەترین نموونەش ئەوەیە كە ئەمڕۆ دوو لەو ئۆتۆمبێلانە وەك بەڵگەیەكی بچووك كە بەناوی پێنجوێنەوە خواردەمەنی و كەلوپەل دەهێنن، لەسەر ڕێگەی (پێنجوێن – سلێمانی) دەستگیرمان كردن و خۆراك و كاڵای خراپ و بێ كوالێتیشیان باركرد بوو.