دوو مێردمنداڵ، منداڵێكیان كوشت

کوردستان 21/08/2019

چاودێر:
دوێنێ سێ شەممە منداڵێكی 10 ساڵ لەشاری هەولێر لەلایەن دوو مێردمنداڵەوە كوژرا، كە پاش چەند كاتژمێرێك لەڕووداوەكە تۆمەتباران دەستگیركران.

پۆلیسی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی كوشتنی منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ دەستگیركردووە، كە لەئێستادا بەمادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی بەندكراون.


دەقی ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسی هەولێر :

بكوژانی مێرد منداڵەكە دەستگیر كرا
دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس بەبوونی تەرمێك لە جووت سایدی لاوان، پۆلیس دەستبەجێ گەیشتە شوێنی ڕووداو، دەركەوت كەو مێرمنداڵێك كوژراوە، تەرمەكەیان هەڵگرتەوە و ڕەوانەی پەیمانگای پزیشكی دادی كرا.
لەمبارەیەوە (مقدم/ فرهاد عزیز سلیم) بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی بنصلاوە پێی ڕاگەیاندین كەوا ئاگاداركراینەوە بەبوونی تەرمێك لە جووت سایدی لاوان، ئێمەش دەستبەجێ چووین بۆ شوێنی ڕووداو دەستكرا بە لێكۆڵینەوە، لە میانەی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كەوا دوێنی ڕێكەوتی (۲۰/۸/۲۰۱۹)، كاتژمێر (۱۱)ی نیوەرۆ مێرمنداڵێك بەناوی (احمد غدیر جمال)، تەمەن (۱۰) ساڵ لەلایەن دوو هاوڕێی بەناوی (هـ.ا.ر.)، تەمەن (۱٤) ساڵ، (ر.س.م)، تەمەن (۱٦) ساڵ كوژراوە، ئێمەش توانیمان لە هەمان ڕێكەوت كاتژمێر (٦)ی ئێوارە هەردوو تۆمەتبار دەستگیر بكەین و دانیاننا بە تاوانەكەیان، پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ ڕێكخستن و ڕەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەر كران، بەڕێزیان بڕیاریدا بەبەندكردنی هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددە (٤۰٦) لە ی.س.ع