ڕۆمانی (ئیناس و پیاوەکانی خەلیفە) بڵاوکرایەوە

ڕەخنەی چاودێر 21/08/2019

ڕۆمانی (ئیناس و پیاوەکانی خەلیفە) بڵاوکرایەوە
ئا:رەخنەی چاودێر


(ئیناس و پیاوەکانی خەلیفە) رۆمانێکە لە نووسینی شاخەوان برایم عەبدوڵڵای نووسەر و چیرۆکنووس .
نووسەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی دەڵێت: لە رووی سیاسییەوە و لەسەر ئاستی میدیا قسەی زۆر لەسەر داعش کرا، بەڵام لە ئەدەبیاتدا کەمترین قسە لەو رووداو و کارەساتانە کراون کە لە ئەنجامی هاتنی داعشدا دەرهەق بە کورد و عەرەب لە مووسڵ، دەشتی نەینەوا، شنگال و ناوچەکانی دیکە ئەنجامدران. ناوبراو دەشڵێت: کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکە، کچێکی شنگالی تازە پێگەیشتووە، ئەو کچە دەکەوێتە ژێر چنگی چەکدارانی داعش، دایک و باوکی و برای، دەکوژرێن، خۆیشی وەک کەنیزەک سەرەتا دەکەوێتە ژێر دەستی ئەمیرێکی داعش، دواتر بە شێوەی فرۆشتن و دیاری، دەکەوێتە ژێر دەستی سێ ئەمیری دیکە. نووسەر هەروەها دەڵێت: گێڕانەوەی رووداوەکانی داعش نييە وەك ئەوەی کە روويانداوە، بەڵكوو بەشێوەیەک کە خەیاڵ و واقيع تێکەڵکراون و لە فۆڕمێکی ئەدەبیدا باس لەو كارەساتە كراوە، بە تايبەتى پرسى دەستدرێژی سێكسى بۆ سەر کچان و ژنانی ئێزیدی لایەنێکی ديارى چیڕۆکەکانی رۆمانەکە پێک دەهێنێت کە لە ڕێگەی ئێناسەوە خوێنەر هەست بە ئازارى بەشيێك لە ژنان و كچانى رفێندراوی ئێزیدی و هەروەها تاوانەكانى داعش دەكات.
نووسەر ئاماژە بەوەش دەکات: بە بۆچوونی من، رووداوی رفاندن و بە کۆیلەکردنی ئەو هەزاران ژن و کچە، دەبێ لە بواری ئەدەبیاتدا فەرامۆش نەکرێت، بە تایبەتی رۆمان کە لە وڵاتان بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت. کتێبەکە لە ۲۰٦ لاپەڕەی قەبارە ناوەندا چاپکراوە و لە هەشت بەش پێکهاتووە، شکار نەقشبەندی کاری دیزایینی بەرگ و ناوەوەی کتێبەکەی کردووە. لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان/هەرێمی کوردستان، ژمارەی سپاردنی (٦۷۹)ی ساڵی ۲۰۱۹ی پێدراوە.

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا  ساڵی 1981 لە هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵی 2002ـەوە یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی لە گۆڤاری کاروان بڵاوکردووەتەوە، دواتر بەردەوام بووە لە نووسین و چوار کتێبی دیکەشی بە چاپ گەیاندووە: کۆمەڵە چیڕۆکی (سێبەرەکانی جەنگ). کتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەوییەوە بۆ خەونی خەلافەت). کتێبی (کورد لە ئۆکتۆبەری رەشدا). کتێبی (ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم).