پارتی دوو ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنیوز دەستگیردەكات

کوردستان 21/08/2019

چاودێر:

ئەمڕۆ چوار شەممە یەكێك لەپەیامنێرەكانی ڕۆژنیوز لەشاری هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا و ماوەی مانگێكیشە پەیامێنرێكی دیكەیان دەستگیركراوە.

بڕیار محەمەد پەیامنێری ئاژانسی (ڕۆژنیوز) كە نزیكە لەپەكەكە، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیركراوە و ماوەی مانگێكیشە زوبێر برادۆستی لەبرادۆست دەستگیركراوە.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنیوز، بڕیار محەمەد، دوێنێ بەڕێوەبەرانی ڕۆژنیوزی ئاگاداركردەوە، كە ئاسایشی تۆپزاوا چوونەتە ماڵی باوكی بڕیار و ئاگاداریان كردوونەتەوە، كە (بڕیار محەمەد) سەردانی بنكەكەیان بكات.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش بڕیار محەمەد سەردانی ئەو بنكەیەی ئاسایشی كرد و لەوێوە ڕەوانەی ئاسایشی ناوچەی خەبات كرا، لەوێشەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا و كاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە كردووە و پێی ڕاگەیاندووە "من لە ئاسایشی هەولێرم، چاوەڕێم مەكە"، دواتریش مۆبایلەكەی داخراوە.

ڕۆژنیوز پەیوەندیی بە د.تاریق نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر-ەوە كرد تا هۆكاری دەستگیركردنەكەی بزانێت، لە وەڵامدا تاریق نوری وتی:"بڕیار محەمەد پێشمەرگەیە و ئیجرائاتی سەربازیی لەگەڵ دەكرێت"، بەڵام بە وتەی كەسوكارەكەشی بڕیار محەمەد لە شەڕی دژ بە داعش-دا بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فەرماندەییەكی پێشمەرگە بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێكردووە وەك پێشمەرگە دەوام بكات، ئەویش قبوڵی نەكردووە و بەوهۆیەوە لەكار دووریان خستووەتەوە.