لەیلا گوڤەن : دژی كودەتاكەی ئەردۆگان ڕاپەڕن

کوردستان 21/08/2019


ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەیلا گوڤەن لەبەردەم بینای سەرۆك شارەوانی ئامەد لەكۆبونەوەیەكی جەماوەریدا ڕایگەیاند ئێمە وەك كورد زوڵمێكی زۆرمان لێكراوە ئیرادەمان زەوت كراوە و بۆیە پێویستە لەسەر هەمو كوردێكی بەشەرەف كە لەبەرانبەر ئەم بڕیارەی دەوڵەتی تورك بێدەنگ نەبێت وەك جارەكانیتر دان بەقبوڵكردنی قەییومدا نەنێن و بەردەوامبن لەبەرخودان و خۆڕاگربن لەكۆتاییدا سەركەوتن هەربۆ ئێمەیە چونكە ئێمە هەڵگری دروشمی ئاشتی و ئازادی ودیموكراتین .
گوڤەن لەوتەكانیدا داوا لەخەڵكی هەر چوارپارچەی كوردستان دەكات كە لەئاستی ئەم كارانەی توركیا بێدەنگ نەبن و داوای یەكگرتنی كوردان دەكات ، دەشڵێت چۆن لە15 ی تەموز كاتێك كودەتا بەسەر ئەردۆگاندا كرا كاتێك هیچی بەدەستەوە نەمابو لەلێواری ڕوخاندا بوو بانگەوازی بۆ خەڵك كرد كە بڕژێنە سەرجادەو ڕێگری بكەن لەو كۆدەتایە ، ئێمەش ئێستا هاوشێوەی ئەردۆگان كودەتامان بەسەر كراوە لەلایەن خودی خۆیەوە بۆیە دەڵێم هەموتان بڕژێنە سەرجادەو هەرچیەكتان لەدەست دێت تەخسیری مەكەن تا توركیا لەم بڕیارەی پەشیمان بێتەوە ئەوەش بەمافێكی دیموكراتی خۆمان دەزانین.