شەش ساڵە تونێلێك تەواو نەكراوە

ئابوری 21/08/2019


چاودێر
دوای زیاتر لەشەش ساڵ لەراگیرانی كارەكانی، جارێكی تر داوادەكرێت پڕۆژەی تەواوكردنی تونێلی پێنجوێن بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەوبارەیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: بەپێی نووسراوی ژمارە 1894 كە لەرێكەوتی 17/5/2015 وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن/ بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی، دەربارەی تونێلی پێنجوێن دەرچووە، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە كە پڕۆژەی تونێلەكە، لەساڵی 2013وە بڕی (278) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و ماوەی 1500 رۆژیش بۆ تەواوكردنی دیاریكراوە.
ناوبراو، وتیشی "پڕۆژەكە دیزاین و قۆناغی یەكەمی بانگەواز و هەڵسەنگاندانی بۆ كراوە، بەڵام بەفەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 1018 لەرێكەوتی 11/2/2014 كارەكانی بانگەواز و تەندەرینی راگیراوە و نەچۆتە بواری جێبەجێكردن".
روونیشیكردەوە،" پێویستە ئەم پڕۆژەیە لەئێستادا بخرێتەوە بواری كاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە نیشتەجێكردن، چونكە بۆ ناوچەكە گرنگە و كارئاسانی زۆر دەكات بۆ هاتوچۆ و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی لەسەرە".
ئاماژەی بەوەشكرد: نووسراوێكمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە تا لەوێوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێتەوە و چاوەرێی وەڵامیانین".