بالوتیلی، هێرشەبەرە شەڕەنگێزەكە گەڕایەوە یانەی دایك

وەرزش 19/08/2019

هێرشبەرە شەڕەنگێزەكەی ئیتاڵیا ماریۆ بالۆتیلی گەڕایەوە یانەی شاری دایك و بۆ ماوەی سـێ‌ وەرز پەیوەندی بەیانەی بریشیاوە كرد ئەوەش دوای كۆتایهاتنی بۆندەكەی لە یانەی مارسیلیای فەڕەنسی، بەڵام بەهۆی ئەوەی  بالۆتیلی لە خولی ئیتالیا بۆ چوار یاری راگیراوە  بڕیارە لە 25 سێپتێمبەر بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس درێسی یانە نوێكەی بپۆشێت. 
تۆڕی هەواڵی سكای سپۆرتی ئیتالی رایگەیاند، بالۆتیلی بە بڕی سـێ‌ ملیۆن یۆرۆ واژو بۆندەكەی لەگەڵ بریشیا كردوەو لە ئەگەری مانەوەی یانەكە لە خولی پلە یەكدا بڕی سـێ‌ ملیۆن یۆرۆی تری پێ‌ بدرێت.
سكای سپۆرت: بالۆتیلی تەمەن 29 ساڵ  نیازی بوە بچێتە یانەی فلامنگۆی بەرازیلی، بەڵام دواجار بڕیاردا بگەڕێتەوە بۆ یانەكەی شاری دایك، كە لە دایەنگەكانی ئەو شارەدا گەورە بوەو دواتر لەلایەن خێزانێكی ئەو شارەوە بەخێوكردنی گیراوەتە ئەستۆ.
بالۆتیلی 36 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیتالیا كردوەو خوازیارە یانەی بریشیا ببێتە دەروازەیەك بۆ دوبارە گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی ئیتالیا، كە ماوەی ساڵێكە بانگهێشتی هیچ یاریەك نەكراوە.
بالۆتیلی لەژیانی وەرزشیدا یاری بۆ چەندین یانە كردوەو لە 2007 بۆ 2010  لەگەڵ ئینتەرمیلان سێ‌ نازناوی (خول و جامی ئیتالیاو خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا) بەدەستهێناوە، لە 2010 بۆ 2013 پەیوەندی بەیانی مان سیتیەوە كردوەو لە 2013 لەگەڵ ئەو یانە ئینگلیزیەدا نازناوی خولی پریمەرلیگی بەدەستهێناوە. دوا خولیش خولی فەرەنسی بوە كە دو وەرزی یاری بۆ یانەی نیس كردوە 43 گۆڵی تۆماركردوەو ماوەی شەش مانگیش یاری بۆ یانەی مارسیلیا كردوەو 8 گۆڵی تۆمار كردوە. 
لەبەر ئەوەی بالۆتیلی بەرەگەز خەڵكی وڵاتی گانایە . لە ساڵی ٢٠٠٧ راهێنەری هەڵبژاردەی گانا (كلاود لی رۆی) داوای لێكرد یاری بۆ هەڵبژاردەی گانا بكات، بەڵام ماریۆ بالۆتیلی لەوەڵامدا گوتی: رێزم هەیە بۆ گانا بەڵام من ئیتاڵیم و تەنها بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاری دەكەم. 
ساڵی ٢٠١٢ لە جامی گەلانی ئەوروپاش بالۆتیلی لە ریزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاری كرد بەوەش بوو یەكەم یاریزانی رەشپێست كە بۆ ریزی ئەو هەڵبژاردەیە یاری بكات.