له‌سه‌ر له‌فه‌یه‌ك گارسۆنێكی كوشت

18/08/2019


چاودێر: له‌ناوچه‌ی لۆگراندی ده‌وروبه‌ری شاری پاریسی فه‌ره‌نسا، به‌هۆی دره‌نگ ئاماده‌كردنی له‌فه‌یه‌ك" ساندویچ" هاووڵاتیه‌ك به‌گوللــه‌ له‌ گارسۆنێك ده‌دات و ده‌یكوژێت.

ده‌یلی مێڵ، ئاشكرایكردوه‌:" رووداوێكی سه‌یر ناوچه‌یه‌كی پاریس ده‌هه‌ژێنێت و هاووڵاتیان نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هاووڵاتیه‌ك به‌هۆی دره‌نگ ئاماده‌كردنی له‌فه‌یه‌ك" ساندویچ" ته‌قه‌ی له‌گارسۆنێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵان كردوه‌و ده‌ست به‌جێ كوشتوویه‌تی".

به‌پێی راپۆرته‌كانی پۆلیس، ئه‌و كه‌سه‌، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیوه‌ له‌دره‌نگ ئاماده‌كردنی خواردنه‌كه‌ی، بۆیه‌ ده‌ست به‌جێ كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ستداوه‌و ته‌قه‌ی له‌گارسۆنه‌كه‌كردوه‌، دواتر هه‌ڵاتووه‌".

رونیشكراوه‌ته‌وه‌:" هه‌رچه‌ندێك كارمه‌ندانی ریستۆرانته‌كه‌و پۆلیسه‌كان  هه‌وڵیانداوه‌ گارسۆنه‌كه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ن و گیانی بپارێزن به‌ڵام ده‌ست به‌جێ گیانیله‌ده‌ستداوه‌".

پۆلیس تاوانباره‌كه‌ی ده‌ستگیركردوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌ستپێكردوه‌، ئه‌و رێستۆرانته‌ی رووداوه‌كه‌ی تێدا روویداوه‌، به‌یه‌كێك له‌ رێستۆرانته‌ ئارامه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌ داده‌نرێت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌رووداوه‌كه‌ زۆر نیگه‌رانبوون، ژماره‌یه‌ك له‌هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ نیگه‌رانیان له‌زیادبوونی تاوانباران و رووداوی تاوانكاری له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌.