لە توركیا تادێت رێژەی بێكاری لە بەرزبوونەوەدایە

ئابوری 18/08/2019

 
چاودێر
  رێژەی بێكاری لە توركیا ساڵ بە ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش وای كردووە هاوڵاتیانی توركیا بەدوای شوێنێكیتردا بگەرێن بۆ كار و ژیان، ئەمساڵیش رێژەی بێكاری لە توركیا یەك ملیۆن و ٢١ هەزار زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ١٥٧ هەزار بێكار.
ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ پار، رێژەی بێكاری لە توركیا ٣.١٪ زیادی كردووە و گەیشتووەتە ١٥٪، ئەمەش بە گوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا كە ئەمرۆ بڵاوی كردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو دەكرێنەوە، بە تایبەت میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش رێژەی بێكاری زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونكە زۆربەی ئەو سەرۆك شارەوانیانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، دووچاری قەرزێكی زۆری شارەوانی بوونەتەوە و ناتوانن هەلی كار بۆ گەنجان بدۆزنەوە.
شارەوانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرا و ئەنتاڵیا، كە ژمارەیەكی زۆری بێكاری لێیە، پێشتر لە دەستی ئەكەپەدا بوو و بۆ ئەم هەڵبژاردنە كەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەكەپە چەندین ملیار لیرەی توركی قەرزی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە. بۆیە رۆژنامەی (جومهوریەت)_ی توركی ئاشكرای دەكات، ئەو شارەوانییانە تەنیا دەتوانن فریای دانەوەی قەرز بكەون و ئەستەمە بتوانن هەلی كار بۆ گەنجان بدۆزنەوە.
یەكێكی تر لەو كێشانەی رووبەڕووی توركیا بووەتەوە، بێ بایەخی پارەكەیەتی بەرامبەر بە دۆلار، بۆیە بەشێكی زۆری گەنجانیان روو لە وڵاتانی تر دەكەن بۆ ژیان و كاركردن.
بێكاری لە توركیا هەموو چین و توێژەكانی گرتووەتەوە، چونكە بەشێكی زۆری فەرمانبەران و مامۆستایان، مووچەكەیان بە شێوەیەك كەم بووەتەوە بەرامبەر بە دۆلار، ناتوانن بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵیان دابین بكەن، بۆیە قەیرانی دارایی تا دێت سەختر دەبێتەوە.